فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس بەڕێوەبەرایەتى تاقیگەى تەندروستى گشتى بەسەردەکەنەوە
بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە کاروبارە زانستیەکانیان، سەرۆکایەتى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بۆ بەڕێوەبەرایەتى تاقیگەى تەندروستى گشتى هەولێر ڕێکخست.
لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٨/٢/٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى سێیەم و چوارەمى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس بەسەرپەرشتى پرۆفیسۆر یاسین جەلالی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتى تاقیگەی تەندروستی گشتی هەولێریان کرد، لە میانەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان هەموو ئەو بەش و تاقیگەیانەیان بەسەرکردەوە کە پەیوەندییان بە پشکنینی تەندروستی خۆراکەکانەوە هەیە، بەتایبەت تاقیگەکانى: بەشی شیکاری فیزیایی، بەشی شیکاری کیمیایی، بەشی شیکاری مایکرۆبایۆلۆجی، لە میانەى بەسەرکردنەوەى ئەو بەشانەدا ئاشناى ڕەوتی ڕێکارەکانى کارکردن و چۆنیەتی پشکنینی نمونەکان بۆ دیاریکردن و پشتڕاستکردنەوەی گونجانیان بۆ بەکاربەری ناوخۆیی بەپێی گەرەنتی و ستانداردی کوالیتی عێراقی بوون.
بۆ ئەوەش لەلایەن پزیشک و کارمەندانى تاقیگەکە ڕونکردنەوەى پێویستیان لەبارەى جۆرى پشکنینەکان و، چۆنیەتى نموونە وەرگرتن و ئەنجامەکانى پێشکەشى فێرخوازان کرد.