
فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى لە وۆرکشۆپێکدا ئەزمونى کارکردنیان و چۆنیەتى زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان خستەڕوو
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 24, 2026
بە چاودێریی پڕۆفیسۆر دکتۆر أمجد صابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر، بەشی پەروەردەی گشتی ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی مامۆستا دەشنێ عەبدوڵڵا سەعید، وۆرکشۆپێکی ئەکادیمیی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم ڕێکخست.
وۆرکشۆپەکە کە لە هۆڵی ڤی ئای پی (VIP)ـی زانکۆ بەڕێوەچوو، بە ناونیشانی «لە مەشقی پراکتیکییەوە بەرەو پراکتیزەکردن: فێرخوازانی قۆناغی چوارەم ئەزموونی ناو پۆلەکانیان دەخەنەڕوو» بوو. چالاکییەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەیاد حازم حەسەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی ، دکتۆر ئەحمەد عەبد عەون سەرۆکی بەشی پەروەردەی گشتی و ، ستافی ئەکادیمیی بەشەکە و فێرخوازانی قۆناغەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم بەڕێوەچوو.
وۆرکشۆپەکە بە وتەیەکی بەخێرهێنان لەلایەن دکتۆر ئەحمەد عەبد عەون دەستی پێ کرد، کە تێیدا خۆشحاڵی و پاڵپشتیی بەشەکەی بۆ هەوڵ و ئاستی بەرزی فێرخوازان لە ماوەی مەشقی پراکتیکیی وانەوتنەوەدا دەربڕی.
پاشان ناوەڕۆکى وۆرکشۆپەکە دەستپێکرد، بۆ ئەوەش چوار فێرخوازی قۆناغی چوارەم دوای تەواوکردنی مانگێکی تەواو لە مەشقی پراکتیکیی وانەوتنەوە لە قوتابخانە حکومییەکانی شاری هەولێر وەک مامۆستا هاتنە پێشەوە تا ئەزموونی وانەوتنەوەی ناو پۆلەکانیان لەگەڵ ئامادەبوواندا هاوبەش بکەن.
خستنەڕووی پلانی وانەوتنەوە
لە تەوەرێکی وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانی بەشداربوو شیوەر ڕوشدی محەمەد (لە قوتابخانەی سەرەتایی کەرنەڤاڵ)، یار ئومێد حەمید (لە قوتابخانەی ئامادەیی ئەژینی کچان)، مریەم عەبدولعەزیز نصیف (لە قوتابخانەی ئامادەیی چوارچرای کچان) و، ئیڤان حسێن عەلی (لە قوتابخانەی سەرەتایی زەندی) ئامادەبووانیانیان بە گەشتێکی گشتگیردا بەنێو ئەزموونی مەشقی پراکتیکیی خۆیاندا برد. ئەوان بە وردی باسی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پلانی ڕۆژانەی وانەوتنەوەیان بۆ هەر وانەیەک کرد، لە قۆناغی دەستپێکردن و خستنەڕووی بابەتەوە تا ڕاهێنان و بەرهەمهێنان، هەتا دەگاتە کۆتاییهێنان بە وانەکە.
کەرەستە و چالاکییە فێرکارییەکانی ناو پۆل
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، پێشکەشکاران تیشکیان خستە سەر هۆکار و کەرەستە فێرکارییەکانی ناو پۆل کە پشتیان پێ بەستبوو، لەوانە کارتی فێرکاری، وێنە، پەڕاوی کار، تەختەی زیرەک و کەرەستەی ڕاستەقینەی ناو ژینگەی فێربوون. هەروەها شێواز و چالاکییەکانی ناو پۆلیان ڕوون کردەوە کە بەکاریان هێنابوون وەک کاری بەکۆمەڵ، یارییە فێرکارییەکان، ئەرکەکانی دروستکردنی ڕستە، و پڕۆژە داهێنەرانەکان و مەبەستی پشت هەر هەڵبژاردنێکی ناو پۆل و گرنگیی هەر شێواز و چالاکییەکیان لە بەرزکردنەوەی پێشکەوتنی فێربوونی قوتابیاندا خستەڕوو.
ئاڵنگارییەکانی ناو پۆل، چارەسەرە پراکتیکییەکان
لە لایەکی دیکەوە، فێرخوازان باسی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ڕاستەقینەکانی ناو پۆلیان کرد کە لە ماوەی مەشقە پراکتیکییەکەیاندا ڕووبەڕوویان ببووەوە، کە دیارترینیان بەڕێوەبردنی کاتی وانە، پاڵپشتیکردنی ئەو قوتابییانەی ئاستی شارەزاییان لە زمانی ئینگلیزیدا جیاواز بوو، هاندانی قوتابییە شەرمنەکان و لەخۆگرتنی ئەو قوتابییانەی پێداویستیی پەروەردەییی تایبەتیان هەبوو، هاوکات چارەسەرە پراکتیکییەکانی خۆیان بۆ هەر ئاڵنگارییەک خستەڕوو. بە نمایشکردنی وێنە و ڤیدیۆی ناو پۆلەکانیان، ئەزموونەکانیان بە بەڵگەی ڕوونی کارکردنیان لەگەڵ قوتابیاندا زیندوو کردەوە.
ڕێنمایی بۆ فێرخوازانی قۆناغەکانی تر
هەروەها بە پشتبەستن بەوەی کە مانگەکە فێری کردبوون سەبارەت بە ئارامگرتن، متمانەبەخۆبوون، بەڕێوەبردنی پۆل، و ئەو شتانەی لە داهاتوودا پلانیان هەیە باشتر و جیاوازتر ئەنجامی بدەن، ڕێنماییی پراکتیکییان پێشکەش بە فێرخوازانی قۆناغەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم کرد بۆ ئەوەی لە مەشقی پراکتیکیی داهاتوویاندا سەرکەوتوو بن.
گفتوگۆی کراوە و، ئەنجامی وۆرکشۆپەکە
وۆرکشۆپەکە بە دانیشتنێکی گفتوگۆی کراوە کۆتایی هات کە تێیدا فێرخوازانی قۆناغەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم پرسیاریان دەربارەی ئەزموونی مەشقی پراکتیکی کرد و وەڵامی وردیان وەرگرت کە وێنەیەکی واقیعیی بۆ پێداین سەبارەت بەوەی لە قۆناغی چوارەمدا چاوەڕێیان دەکات.
لە کۆتاییدا، بەشی پەروەردەی گشتی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەر چوار پێشکەشکار و سەرجەم فێرخوازانی قۆناغی چوارەم کرد کە مەشقی پراکتیکیی وانەوتنەوەیان تەواو کردبوو، و بڕوانامەی بەشداریکردنیشیان پێ بەخشرا.
You may also like


