فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن سەردانى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان دەکەن
بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربون لە بەرنامە و کار و پڕۆژەکانى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان بۆ سەلامەتى پیشەیى ڕۆژنامەوانى، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانیان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (19/02/2023) بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر هێمن ئەمین شوانى، فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە چوارچێوەى بابەتى سەلامەتى و پاراستنى ڕۆژنامەوان (Journalistic safety and protection) سەردانى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانیان کرد و، بەگەرمى لەلایەن نەقیب و جێگرى نەقیبى سەندیکا پێشوازیان لێکرا.
پاشان لە دیدارێکدا، حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان دیدگاى و کارى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانى بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەک باسى لەو یاسایانە کرد، کە لە هەرێمى کوردستان بەرکارن و ڕۆژنامەنوسان کارەکانیان جێبەجێ دەکەن، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لەو گۆڕانکاریانە کرد، کە لە دنیاى ئەمڕۆدا بەسەر کارى ڕۆژنامەوانى و پیشەی میدیاکار هاتوە، بەتایبەت کاریگەرى تەکنەلۆژیا و دەرکەوتنى میدیاى نوێ، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: پێویستە میدیاکاران جیاوازى لە نێوان میدیاى پیشەیی و میدیاى هاوڵاتى بکەن، چونکە بەرپرسیاریەتى میدیاى پیشەیی زۆر زیاتر لە میدیاى هاوڵاتى.
نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان بەشێکى دیکەى قسەکانى تەرخانکرد بۆ بابەتى سەلامەتى پیشەیی، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەشى ڕاگەیاندن کرد، کە بەدەم دەستپێشخەریەکەى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان هاتوە بۆ خوێندنى ئەو بابەتە لە چوارچێوەى پرۆگرامەکانى خوێندن، ڕونیشکردەوە؛ سەلامەتى و پاراستنى ڕۆژنامەوانى نەک هەر بۆ کاتى شەڕ، بەڵکو بۆ کاتى ئاشتیش بابەتێکى گرنگە، بەتایبەت بۆ هەرێمى کوردستان و ناوچەکە، کە بەدۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات، هیواشى خواست ڕۆژنامەنوسانى ئەکادیمى سود لە ناوەڕۆکى ئەو بابەتە وەربگرن و، دواتر لە ژیانى ڕۆژنامەوانیدا بتوانن پراکتیزەى بکەن.
پاشان بژار حەکیم جێگرى نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان، باسى لە چەند لایەنێکى دیکەى کارى ڕۆژنامەنوسانى و کارەکانى سەندیکا کرد بۆ پاراستنى گیانى ڕۆژنامەنوسان.
لە بەشێکى دیکەى ئەو دیدارەدا، فێرخوازان چەندین پرسیاریان ئاراستەى نەقیب و جێگیرى نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان کرد، کە تایبەت بون بەهەوڵەکانى سەندیکا بۆ پاراستنى گیان و ژیانى ڕۆژنامەنوسان و، میکانزمەکانى بەئەندامبون لە سەندیکا و، ڕۆڵى سەندیکا لە دابینکردنى هەلى کار بۆ میدیاکارانى ئەکادیمى و، هۆکارەکانى نەبونى ڕاگەیاندنى نیشتیمانى، بۆ ئەوەش نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە.
لە کۆتایشدا، مامۆستاى یاریدەدەر هێمن ئەمین شوانى بەناوى بەشى ڕاگەیاندن سوپاسى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانى کرد، هەروەک باسى لە گرنگى کارى پێکەوەیی نێوان سەندیکاى ڕۆژنامەنوسان و بەشەکانى ڕاگەیاندن کرد بۆ سودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر، لە پێناو پێگەیاندنى میدیاکارێکى ئەکادیمى و چالاک بۆ داهاتوى کۆمەڵگە و خزمەتکردن بە بوارى ڕۆژنامەوانى.