فێرخوازانى بەشی شیکاری تاقيگەی پزیشکی ئاشنای لایەنە جیاکانى ئەندازیاری بۆماوەیی دەکرێن
فێرخوازانى قۆناغى چوارەمى بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستا یاریدەدەر سالی خەلیل باقر کۆمەڵگەى وەفاى پزیشکیان لە شارى هەولێر کرد و، نۆرینگەى دکتۆر حنان جواد کازم پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرتان و نەزۆکی و منداڵانی بۆری و پسپۆڕی ورد لە ئەندازیاری بۆماوەییان بەسەرکردەوە.
لە میانەى ئەو سەردانە زانستیەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (28/11/2024 ) بەڕێوەچوو، پزیشکى پسپۆڕ دواى بەخێرهێنانى مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان، ئینجا بەشێوەیەکى زانستى ڕوونکردنەوەی وردی لەبارەى ئەندازیاری بۆماوەیی بۆ ترشی (DNA) تایبەت بە سپێرم پێشکەش بە فێرخوازان کرد، هەروەک باسى لە هۆکار و چارەسەرکردنی ئەو هەڵە بۆماوەییانە کرد کە لە جینەکاندا ڕوودەدەن، دواتریش باسى لە چەند وردەكاریەكی حاڵەتەكانی دواكەوتووی منداڵبوون كرد ،كە دەبێتە هۆی نەزۆكبوون، چونکە پەیوەندی بە (DNA)ەوە لە ناو سپێرمدا هەیە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا فێرخوازان ڕاهێنرانیان پێکرا بۆ ئەنجامدانی چەند پشکنینێک، کە پێی دەوترێت پشکنینی (Fragmentation Test) و، پشت بە پێوانەکردنی ڕێژەی هەڵەی بۆماوەیی لە یەک نموونەی سپێرمدا دەبەستێت، لەسەر ئەم بنەمایە؛ پشکنینەکە بۆ زانینی ڕێژەی نەزۆکی لە پیاوان بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ دیاریکردنی ئەگەرى حاڵەتى چارەسەرکردنەکە، بۆ ئەوەش پزیشکى پسپۆڕ باسی لە بنەما و شێوازەکانی دروستکردنی منداڵانی لە تیوبدا کرد، بەتایبەت لە کۆکردنەوەی سپێرم لە ناو جەستەی پیاو، ئەوەش لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە لە حاڵەتەکانی نەزۆکیی ناجێگیر و قەڵاچۆکردنی هێلکە.
لە کۆتایی سەردانەکەیدا فێرخوازان کۆمەڵێک پرسیارى و سەرەنجیان لەبارەى بابەتەکە خستەڕوو، لەلایەن پزیشکى پسپۆڕ وەڵامی پرسیارەکان بە شێوەیەکی زانستی ڕوون درایەوە، لە میانەى وەڵامەکانیدا جەختی لەسەر گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی ئەم جۆرە نەخۆشییانە لە سەرەتای پێکهێنانى ژیانى هاوسەری کردەوە، چونکە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە چەندین کێشەی تەندروستی، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستى لە ناو کۆمەڵگە کرد.