فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی لە قوتابخانەی شەرەفکەندی باس لە ئاکار و ڕەفتارى ڕێزگرتن بۆ قوتابیان دەکەن
لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەى هۆشیارى پەروەردەیی، گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، کە پێکهاتبوون لە (بارزان عبدالجبار، مستەفا عامر، هاژە ظاهر و نیگا نهر) چالاکیی پەروەردەیییان لە قوتابخانەی شەرەفکەندی بنەڕەتی لە شاری هەولێر بە بەڕێوەبرد.
چالاکیەکە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتى دکتۆر ئەحمەد عبدالعون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى بەڕێوەچوو، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا خدر عوسمان ئیسماعیل بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاش ئەوەى کورتەیەکى لە بارەى قوتابخانەکەیان و پرۆگرامەکانى خوێندن پێشکەش بە فێرخوازان کرد. ئینجا دەرفەتى بە فێرخوازان دا سەردانى پۆلەکان بکەن و ناوەڕۆکى بابەتەکەیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکەیان بکەن.
بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان سیمینارێکی هۆشیاری پەروەردەییان لەسەر ئەخلاق و پرەنسیپەکانی ڕێزگرتن پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، کە تیایدا بە گرنگیەوە ڕەفتاری ئەرێنی لە ژینگەی قوتابخانە و کاریگەری لەسەر بونیادنانی کەسایەتییەکی سەرکەوتوو و هاوسەنگ بۆ قوتابیانیان ڕونکردەوە. پاشان چالاکییە تایبەتیان لە بوارى پەروەردەیی زمانی ئینگلیزی ڕێکخست و، بە هۆیەوە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کاریان لەسەر باشترکردنی توانای زمانەوانى قوتابیان کرد، بۆ ئەوەش گفتوگۆیان لەگەڵ قوتابیان بە زمانی ئینگلیزی بە شێوەیەکی ئاسان کرد، ئەوەش وایکرد قوتابیان کارلێکی ئەرێنی لەگەڵ ئەو چالاکییەدا بکەن.
لەکۆتایی سەردانەکەدا فێرخوازانى بەشی پەروەردەی گشتی دیارییەکیان پێشکەش بە مامۆستا خدر عوسمان ئیسماعیل بەڕێوەبەری قوتابخانەکە کرد و، بەناوی سەرۆکایەتی بەشی پەروەردەی گشتی، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هاوکارییەکەیان پیشاندا، لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری قوتابخانە سوپاسی فێرخوازانى کرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو چالاکیە پەروەردەییە لە قوتابخانەکەیان.