
فێرخوازانى بەشی کارگێڕیی کار کەمپەینێکی بەخشینی بۆ پشتگیریکردنی خێزانە کەمدەرامەتەکان لە شاری هەولێر بەڕێوەبرد
- Categories بەشی كارگێڕی كار
- Date ئەیلوول 29, 2026
ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 28/09/2026، لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی لە شاری هەولێر (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی)، گروپێک لە فێرخوازانى بەشی کارگێڕیی کار سەردانێک و کەمپەینێکی بەخشینی ئەنجام دا.
لە کاتی سەردانەکەدا، شاندەکە بە سەرپەرشتیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حمید السلامی و بەشداریی ژمارەیەک لە فێرخوازانی بەشەکە لە قۆناغە جیاوازەکان، لەلایەن بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی لە هەولێر شێخ محەمەد گەزنەیی پێشوازییان لێکرا. بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی شاندەکەی لە ناو ئۆفیسەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە گەڕاند تاوەکو لە نزیکەوە ئاشنای شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکانیان ببن. پاشان لە هۆڵی کۆبوونەوەکان گفتوگۆیەکی کراوە لەبارەی یاسا، بنەما سەرەکییەکان و دیاریکردنی گرووپە شایستەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتیی بەڕێوەچوو.
هەر لە چوارچێوەى چالاکییەکەدا، فێرخوازانى بەشى کارگێڕى کار 30 سەبەتەی خۆراکیان بەسەر ئەو خێزانە کەمدەرامەتانەدا دابەش کراد، کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئامادە بوون. لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی شێخ محەمەد گەزنەیی (کە یەکێکە لە دەرچووانی بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ساڵی 2016) سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییەی زانکۆی جیهان-هەولێر و بەشی کارگێڕیی کار و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر قوسەی حمید السلامی دەربڕی بۆ بەردەوامییان لە پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و بەهێزکردنی بەهاکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی.



