فێرخوازانى زانستى تاقیگەى پزیشکى، بەڕێوەبەرایەتى تاقیگەى تەندروستى گشتى بەسەردەکەنەوە
بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لەبەر ڕۆشنایی پلانى ساڵانەى خوێى و، بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان بە ژینگە جیاوازەکانى کارکردن، گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى بەشەکەى بۆ بەڕێوەبەرایەتى تاقیگەى گشتى سەر بەبەڕێوەبەرایەتى تەندروستى گشتى هەولێر ڕێکخست.
بۆ ئەو مەبەستە، ڕۆژی دووشەمە ڕێکەوتى (١٧/١٠/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر نزار ابراهیم یوسف، فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى سەردانى تاقیگەکانی تەندروستى گشتى (کوالێتی کۆنترۆڵ)یان لە شارى هەولێر کرد و، بەگەرمى لەلایەن هەریەک لە (هۆگر احمد و شوان قادر) ستافى تاقیگەکە پێشوازیان لێکرا.
پاشان هاوەڵى مامۆستا و فێرخوازانیان کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکانی تاقیگە، لەوانەش فێرخوازان تاقیگەی کیمیاییان بەسەرکردەوە و، ئاشناى ئەو پشکنینە کیمیایانەی کە لە خۆراک و دەرمانەکان دەکرێت، هاوکات لە تاقیگەکانی بەکتریا و مشەخۆرەکان، فێرخوازان زانیارى پێویستیان لەبارەى وردە زیندەوەرەکان پێشکەش کرا، لەگەڵ چۆنیەتى ئەنجامدانى ئەو پشکنینانەی، کە پێویستن لە بوارەکە ئەنجامبدرێت، بەتایبەت بۆ خۆراکە جۆراوجۆرەکان تا بەشێوەکی تەندروست بگاتە دەستی هاونیشتیمانیان و، بە پڕۆسەکانى پشکنینى دڵنیایی جۆری (کوالێتی کۆنترۆڵ) لە هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەبن.