فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فاکەڵتی خۆراکزانی مرۆیی باس لە هەماهەنگى زانستى دەکەن
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا لە پاڵ ئەرکە زانستیەکانیان، بەشدارى لە دیدار و کۆبونەوەى زانستى و چالاکى جۆراوجۆر دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا ئەحمەد جەبار حەسەن فێرخوازى قۆناغى دووەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە ئێستا بۆ تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە وڵاتى پۆڵندایە، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٨/١١/٢٠٢٣) سەردانی پڕۆفیسۆر دکتۆر کاتەرژینام (Katarzyna Świąder) بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فاکەڵتی خۆراکزانی مرۆیی لە زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان Warsaw University of Life Sciences)) کرد.
لە دیدارێکدا، سەرەتا ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى ڕەخساندنى ئەو دەرەفەتەى کرد، کە توانیویانە کۆرسێکى خوێندن لەو وڵاتە تەواو بکەن، پاشان باسى لە گرنگى ئاڵوگۆڕى ستافى فێرخوازان لە نێوان زانکۆکان بەپێى ڕێککەوتنامە هاوبەشەکان و پرۆگرامە جیاکان کرد، لەوانەش پرۆگرامی ئیراسموس پڵەس.
لە بەرانبەردا، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فاکەڵتی خۆراکزانی مرۆیی باسى لە پڕۆژەى داهاتوى زانکۆکەیان کرد و ڕایگەیاند: لە بەرنامەیاندایە بە هەماهەنگی بەشی (Nutrition) و بەشی (Food science) بەشێکى تازە بە ناوى (Food Nutrition) بکەنەوە و، بڕوانامەى بەکالۆریۆس بە دەرچوان ببەخشن، هاوکات لەسەر ئاستى خوێندنى باڵاش بەنیازن خوێندنى (Nutrition) بە زمانى ئینگلیزى بۆ خوازیاریانى خوێندنى باڵا بکەنەوە، کە لە ئێستادا تەنها بەزمانى پۆڵندى هەیە، وتیشى ئەوەش دەرفەتێکى گرنگ بۆ فێرخوازانى بیانى و، دەرچوانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر دەڕەخسێنێ تا بتوانن درێژە بەخوێندن بدەن.
لە کۆتایی قسەکانیشدا، دەستخۆشى و سوپاسى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد بۆ ڕەخساندى ئەو دەرفەتەى خوێندن بۆ فێرخوازان و فراوانکردن و پتەوکردنى ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانى لەگەڵ زانكۆی وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان Warsaw University of Life Sciences))، ڕاشیگەیاند هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەرز دەنرخێنین.