فێرخوازانى شیکاری کیمیایی پزیشکی لە نەخۆشخانەى نانەکەلى دوو چالاکی (زانستى و خێرخوازی)یان ئەنجامدا
سەرۆکایەتى بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جيهان -هەولێر لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانییەکانی بۆ ڕاهێنان و ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەی کار، لە شارى هەولێر سەردانی نەخۆشخانەى نانەکەلى بۆ نەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجەیان کرد و، دوو چالاکیان ئەنجامدا.
ڕۆژی دووشەممه ڕێکەوتى (16/10/2023)، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاری کیمیای پزیشکی، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ساوین تەحسین طه)، سەردانی نەخۆشخانەى نانەکەلى بۆ نەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجەیان کرد و، لەلایەن (دکتۆر هەردی جواد صابر) بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە پێشوازیەکی گەرمیان لێکرا.
لە چالاکى یەکەمدا، بڕێک پارە وەک پاڵپشتی بۆ نەخۆشخانە و نەخۆشەکان پێشکەش بە نەخۆشخانەکە کرد، پاشان کۆمەڵێک دیاریان بەسەر منداڵانى بەشی مناڵان و ئافرەتان و پیاوانى توشبوو به نەخۆشی شێرپەنجە دابەش کرد، بۆ ئەوەش (دکتۆر هەردى جواد صابر) بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى نانەکەلى بۆ نەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجە سوپاسى ئەو کۆمەک و هاوکارییەى فێرخوازانى بەشى شیکارى کیمیایی پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا لە نەخۆشخانەى نانەکەلى بۆ نەخۆشیەکانى خوێن و شێرپەنجە فێرخوازان ژمارەیەک لە تاقیگەکانی نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەلایەن سەرپەرشتیار و ستافی تاقیگەکان؛ فێرخوازان ئاشناى چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی (Cobas C 311, Mini Vidas, Cobas e 411, VITEK 2 COMPACT, CBC) کران، کە تایبەتن بە پشکنینەکانی خوێن و بەرگری لەش و هۆرمۆن وکیمیایی ژیانی و خوێن.