فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى بەشى کارگێڕى گشتى لە کۆمپانیایەک ئاشناى کارى سەرچاوە مرۆییەکان و بە بازاڕکردن دەکرێن
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٩/١٢/٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی یەکەم لە بەشی کارگێڕی گشتی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەسەرپەرشتى دکتۆر زەینەب یوسف محمد بە سەردانێکی زانستیی کۆمپانیای ڕۆیاڵ ئەلڕەحمانییان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن خاتوو دیما عومەر شەکیب بەڕێوەبەری مارکێتینگ پێشوازییان لێکرا، دواتر هاوەڵیکردن بۆ ئاشناکردن و بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیاکە، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەک لە بەشەکانى بەشی مارکێتینگ و سەرچاوە مرۆییەکانیان بەسەرکردەوە، لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا باس لە شێوازە مۆدێرنەکانی ڕاکێشانی کڕیاران و خۆناساندنیان لە بازاڕی کاردا بۆ فێرخوازان کرد، بۆ ئەوەش وتیان بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنیەکان و فرۆشتنی ئۆنلاین و سوود وەرگرتن لە ئینتەرنێت توانیویانە بە ئاسانى بگەن بە کڕیارانیان، جگە لەوەش کۆمپانیاکە خاوەن سیستمێکى تایبەتە بۆ پۆلێنکردنی بەرهەمەکان، ئەوەش بە پشتبەستن بە گونجاوی و ڕەزامەندی کڕیاران و دابینکردنى پێداویستیەکانیان، لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان ئاشناى کاروبارى مامەڵەى دارایی کۆمپانیاکە کران، وەک ئەوەى سەرپەرشتیارانى کۆمپانیاکە باسیان کرد، لە ئێستادا لە یەک کاتدا کار بە کی کارد و کاشیش دەکەن، ئەوەش ئاسانکاری بۆ کڕیاران و کۆمپانیاکەش کردوە، چونکە پرۆسەی کڕین و فرۆشتنى ئاسانتر کردوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا دواى گفتوگۆى نێوان فێرخوازان و مامۆستاى سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرانى کۆمپانیاکە لەبارەى ئەرکە گشتیەکان و سیستمى کارگێڕى و ئەرکە جیاوازەکانی کۆمپانیاکە، مامۆستاى سەرپەرشتیاری سوپاسی بەڕێوەبەر و کارمەندانی کۆمپانیاکەى کرد، کە ئەزمونى کارى خۆیان و ژینگەى کارکردنیان بۆ فێرخوازان بەوردى باسکرد.