فێرخوازانى پەروەردەى گشتى بۆ ڕاهێنانى پراکتیکى ئامادە دەکرێن
ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتى (29/09/2022) سەرۆکایەتى بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر چالاکیەکی بۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم ڕێکخست، کە تایبەت بوو بە ڕاهێنان و چۆنیەتى وانەوتنەوە لە ناوەندەکانى خوێندن.
لە چالاکیەکەدا، کە لە هۆڵى کتێبخانەى گشتى زانکۆ بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر دەشنێ عەبدوڵا سعید بەڕێوەچوو، فێرخوازەکان دابەشى سەر چەند گروپێک کران، بۆ ئەوەش سەرەتا چەند پرسیارێک ئاڕاستەی فێرخوازان کرا، دواتر لەڕێگەی گفتوگۆوە گرنگی و هۆکارەکانی چون بۆ ناوەندەکانى خوێندن تاوتوێ کرا.
پاشان، مامۆستاى سەرپەرشتیار بەوردى ئامانجى بابەتەکەى ڕون کردەوە باسى ئەرکەکانى فێرخوازانى هۆڵی خویندن وەک مامۆستا کرد، کە لە چەند ڕۆژى داهاتودا فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بۆ پراکتیزەکردنى وانەکانیان بۆ ماوەى مانگێک لە ناوەندەکانى خوێندن وەک مامۆستا وانە دەڵێنەوە.
بابەتی بینین و ڕاهێنان یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە قۆناغی چوارەمی بەشی پەروەردەی گشتی دەخوێنرێت و لەڕێگەیەوە فێرخوازان بۆ کۆرسی دووەم ئامادە دەکرێن، کە پێویست دەکات فێرخوازان بۆ ماوەیەک لە ناوەندەکانى بە شێوازی پراکتیکی ڕۆڵی ماموستا بگێڕن.