فێرخوازانى پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان ڕاهێنانی پراکتیکى بە فێرخوازانى قوتابخانە و پەیمانگە حکومی و ئەهلییەکان دەکەن
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فێرخوازانى قۆناغی چوارەمى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بۆ ماوەى مانگێک بەشدارییان لە ڕاهێنانى فێرخوازانى قوتابخانە و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان کرد.
ئەو چالاکیەى فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە ڕێکەوتى (١٥/١٠/٢٠٢٣) دەستپێکرد و تا ڕێکەوتى (١٥/١١/٢٠٢٣) بەردەوام دەبێ، لەو ماوەیەدا فێرخوازان بەشێوەیەکى کارا لەگەڵ یەکەى وەرزشى قوتابخانە و پەیمانگەکان بەشدارییان کرد لە ڕاهێنانى فێرخوازان بەشێوەیەکى پراکتیکى بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاست و توانا و لێهاتویی فێرخوازانى قوتابخانە و پەیمانگەکان لە بوارە وەرزشیە جیاوازەکان.
هەر بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەک لە مامۆستایانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان سەردانى ئەو ناوەندانەى خوێندنیان لە شارى هەولێر کرد و، لە نزیکەوە بەدواداچونیان بۆ ئاستى توانا وەرزشیەکانى فێرخوازان کرد، لە ئەنجامەدا دەرکەوت فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەو ناوەندانەى خوێندن پاڵەوانێتی و چالاکیی وەرزشیى و بۆنەی جیاوازیان بۆ فێرخوازانى قوتابخانە و پەیمانگەکان ڕێکخستووە و، بەهۆیەوە وەک ڕاهێنەرێک و نابژوانێک تەواوى هەوڵ و توانایان لە بوارەکەدا بەگەڕخستووە، ئەوەش بۆتە جێگەى خۆشحاڵى و سوپاسى مامۆستایان و فێرخوازانى قوتابخانە و پەیمانگەکان.