فێرخوازانى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆکۆڵى حکومەتى هەرێمی کوردستان بەسەردەکەنەوە
سەرۆکایەتى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە رێکەوتى 29/1/2024، بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر ڕەشید میکائیل سەردانێکی زانستی بۆ بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆکۆڵ لە هەرێمی کوردستان ڕێکخست.
مامۆستا و فێرخوازان لەلایەن دکتۆر شێرزاد سۆڵتان بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆکۆڵى حکومەتى هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا، لە دیدارێکدا دکتۆر شێرزاد سۆڵتان ڕوونکردنەوەیەکی وردی لەبارەی مەراسیمی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی بەگشتی و پرۆتۆکۆلی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆکۆڵ فێرخوازانى ئاشنا ئەو ئەرکانە کرد، کە لە بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆکۆڵ داوایان لێدەکرێت و جێبەجێى دەکەن، بەتایبەت پێشوازیکردن و ماڵئاواییکردن لە شاندە بیانییەکان کە سەردانی هەرێم دەکەن.
دکتۆر شێرزاد سوڵتان بەگرنگیەوە باسى لە ئەزمونی سەردانە زانستییەکانی کرد، کە بەهۆیەوە فێرخوازان دەتوانن ئاگاداری کارەکانی بەشی پرۆتۆکۆڵ بن، هەروەک ئامادەیی بەردەوامی خۆی بۆ ڕاهێنانی فێرخوازان لە مەراسیمەکانی پرۆتۆکۆلدا دوپاتکردەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر ڕەشید میکائیل بەناوى سەرۆکایەتى بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە زانکۆی جیهان – هەولێر سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەى ئاراستەى بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆکۆڵى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد.