فێرخوازانى کارگێڕی کار ئاشناى بوارى کارگێڕى کۆمپانیایەکى خۆراک دەکرێن
رۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (10-10-2022)، سەرۆکایەتى بەشی کارگێڕی کار بەسەرپەرشتی مامۆستایانى یاریدەدەری (ئازور مەهدی ساڵح و بێسار محمد) سەردانێکی زانستی بۆ کۆمپانیای ئەلیەسرە بۆ خۆراکیبۆ فێرخوازانى قۆناغی چوارەم رێکخست.
فێرخوازان لە میانەى گەشتە زانستیەکەیاندا بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە، لەوانە بەشەکانی وۆرک شۆپەکان بۆ نمایشکردنى بەرهەمە جیاوازەکان و، ئۆفەرە جۆراوجۆرەکان. دواتریش کۆگاکانى کارەکەیان بەسەرکردەوە و ئاشناى چۆنیەتى سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنى کۆگاکان کران بەتایبەت چۆنیەتى پاراستنیان لە گەرما و سەرما و ڕەچاوکردنى لایەنى تەندروستى. لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا بەشی جێبەجێکردنی داواکاری کڕیارانیان بەسەرکردەوە، لەو بەسەرکردنەوەشدا فێرخوازان ئاشناى میکانیزمی دابەشکردنی داواکاری بەسەر کڕیاران کران، بە شێوەیەک داواکارییەکان بە زووترین کات بگاتە دەستی کڕیاران، ئەوەش ڕونکرایەوە بەپێرەوکردنى سیستمێکى کارگێڕى کارى کارا توانراوە ڕۆژانە بەشێوەیەکى باش سەرجەم کارەکانیان ڕایی بکەن.
کۆمپانیای ئەلیاسرە بۆ خۆراک لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک بریکاری زۆرێک لە بەرهەمە خۆراکیەکان لە عێراق دامەزراوە، چەندین لق لە سەرتاسەری عێراق هەیە، جگە لەوەش بریکاری تایبەتی گروپێکی گەورەی دامەزراوەکانى بەرهەمی خۆراکە.