فێرخوازانى کارگێڕی کار گروپێکى کۆمپانیاى بەرهەمهێنانی خۆراک و پاککەرەوە بەسەر دەکەنەوە
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکانی بەشی کارگێڕی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٤/١٠/٢٠٢٣) گروپێک لە فێرخوازان بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر بوشرا عەلى، گروپێکى کۆمپانیاى زێڕ بەرهەمهێنانی خۆراک و پاککەرەوەیان لە شارى هەولێر بەسەر کردەوە.
مامۆستا و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەلایەن خۆشناو محمد قادر بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان لە کۆمپانیاکە پێشوازیان لێکرا، پاشان هاوڕێیەتى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى کۆمپانیاکە بەتایبەت بەشی دروستکردنى پاککەرەوە، بەشەکانی هەڵگرتن و دروستکردن و لەقوتونانى زەیتی ڕووەکی و ئاژەڵی، بەشی لەقوتونان و هەڵگرتنى بەرهەمە دانەوێڵەییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان لە کۆمپانیاکە ڕونکردنەوەى پێویستى لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەبردنى کارەکانیان و بەرهەمهێنان پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە کۆتایی سەردانەکەدا فێرخوازان لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان گفتوگۆیان لەبارەى بەرهەمە بەردەستەکان و سوود و زیانەکانی بەکارهێنانی ڕۆبۆت لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان کرد، ئەمە جگە لە چەندین پرسیاری دیکە کە بە وردی لەلایەن بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان وەڵامیان درایەوە.