
فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ سەردانێکی زانستییان بۆ کارگە و کێڵگەی ڕامی لە بارزان ئەنجامدا
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date تشرینی یەکەم 2, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 30/09/2026، فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکیان بۆ کارگەی ڕامی فارم بۆ سپیاییەکان لە بارزان ئەنجام دا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتیی دکتۆر محمد حسێن سەرۆکی بەشی بایۆمیدیکاڵ و، بەئامادەبونى ژمارەیەک لە مامۆستایانی بەشەکە بەڕێوەچوو. لە کاتی گەیشتنیان لەلایەن سمیر صادق عمر، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی ڕامی فارم بۆ سپیاییەکان بە گەرمی پێشوازییان لێکرا .
لە دەستپێکدا، سمیر صادق عمر، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی ڕامی فارم بۆ سپیاییەکان قۆناغە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی سپیاییەکانی ڕوون کردەوە، پاشان هاوڕێیەتی فێرخوازانی کرد بۆ بەسەرکردنەوەى تاقیگەی کارگەکە؛ لەوێدا، لەلایەن يسرى كمال مصطفى، بەڕێوەبەری تاقیگە پێشوازی لە فێرخوازان کرا و ڕێکارە تاقیگەیییەکان و ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵی جۆریی جێبەجێکراو لەسەر شیرى بۆ فێرخوازان شیکردەوە. هەروەها ڕوونیکردەوە نموونەکانی شیر لە ماوەی پێنج خولەکدا لە پرۆسەی دۆشینەوە دەگەنە تاقیگە، کە تێیدا پشکنینی بینراو و وردبینانەیان بۆ ئەنجام دەدرێت. دوای ئەوە، شیرەکە پەسەند دەکرێت بۆ بەردەوامبوون لە قۆناغەکانی پیشەسازی. هەروەها وتى: نموونەی بەرهەمە کۆتاییەکانی سپیایی پشکنینیان بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە پاکییان لە میکرۆبە نەخۆشیهێنەرەکان و هاتنەدیی پێوەرەکانی سەلامەتی و جۆریی داواکراو بەرلە خستنەڕوویان لە بازاڕەکاندا.
دوای تەواوبوونی سەردانی تاقیگە، سمیر صادق عمر، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی ڕامی فارم بۆ سپیاییەکان هاوڕێیەتی فێرخوازانی کرد بۆ بەشە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان، کە تێیدا ئاگاداری قۆناغە جیاوازەکانی دروستکردنی بەرهەمەکانی سپیایی بوون، لەوانەش هەوێنکردن و (تەعبیئە). هەروەها ڕوونیکردەوە کە کارگەکە ماددەی پارێزەر لە بەرهەمەکانی سپیاییدا بەکارناهێنێت و، بەرهەمەکان بە شێوازی فرێش و لە ژێر مەرجی چاودێریکراودا ئامادە و دروست دەکرێن.
پاشان، فێرخوازان بەهاوڕێیەتى شیمال طه إبراهيم، سەرپەرشتیاری کێڵگە، سەردانی کێڵگەکەی کارگەکەیان کرد، لەوێدا شیکردنەوەی لەبارەی چالاکییە کشتوکاڵییەکان و بەخێوکردنی ئاژەڵان لە دامەزراوەکەدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد. هەروەها ئاشنای بەشەکانى کێڵگەکە کران بەتایبەت ئەوانەى پەیوەستن بە (کا و ئالیک و سیلاج و گژوگیا و، شێوازی کۆکردنەوە و چارەسەرکردن و ئامادەکردنی ئەم ماددانەی وەک ئالیک بۆ ئاژەڵان). جگە لەوەش شیمال طه إبراهيم، ڕوونیکردەوە لە کێڵگەکەیان حەوت جۆری جیاوازی ئالیک بە بەهای خۆراکیی جیاوازەوە بەرهەم دەهێنێت، بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی مانگاکان.
سەردانەکە بە بەسەرکردنەوەى بەشەکانی بەخێوکردنی مانگانکان کۆتایی هات، کە تێیدا فێرخوازان لە نزیکەوەى ئاشناى پرۆسەی کۆکردنەوەی شیر بوون. بەتایبەت لە چۆنیەتى بەکارهێنانی ئامێرە پێشکەوتووەکان و سیستمە ئۆتۆماتیکییەکانی لە پرۆسەکانی دۆشینی مانگا و کۆکردنەوەی شیر.



