فێرخوازانی بەشى شیکاری تاقیگەی پزیشکی پشکنینی گرووپی خوێن بۆ قوتابیانى ئامادەیی کوردستان ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستی و کۆمەڵایەتییەکاندا، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە (٨ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکی مەیدانییان بۆ ئامادەیی کوردستان ڕێکخست.
لەگەڵ گەیشتنیان، لەلایەن مامۆستا (ساره عبدالكريم) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییان لێکرا، پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش کرد و، سەرەتا بابەتێکى زانستی و هۆشیارییان دەربارەی پشکنینە تاقیگەیەکان پێشکەشکرد، پاشان فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر بە شێوەیەکی پراکتیکی پشکنینی گرووپی خوێنیان (Blood Grouping) بۆ قوتابیانی ئامادەییەکە ئەنجامدا. لە کاتی پشکنینەکاندا، فێرخوازان بنەماکانی تاقیگە و گرنگی هەر جۆرە خوێنێکیان بۆ قوتابیان ڕوون دەکردەوە و ڕێنمایی پێویستیان پێ دەدان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە بە شێوەیەکی سەلامەت و تەندروست.
ئەم چالاکییە کاردانەوەیەکی ئەرێنی لای کارگێڕی قوتابخانەکە و قوتابیان دروست کرد، چونکە بە شێوەیەکی کارلێکەر و پراکتیکی قوتابیان بەشدار بوون لە پرۆسەکەدا و وەڵامی پرسیارە زانستییەکانیان درایەوە.







