فێرخوازانی بەشى شیکاری کیمیایی پزیشکى هاوکاری دەگەیەننە قوتابیانی قوتابخانەی خۆرانی سەرەتایی
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، کۆمەڵێک لە فێرخوازانی بەشی شیکاری کیمیایی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە (ساڵح شوان، دالیا دلێر و فاتیمە نایف)، سەردانێکی مرۆییان بۆ قوتابخانەی خۆرانی سەرەتایی ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هەورێ فەتاح) سەرۆکی بەش بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەرەتا لەلایەن (عەبدولخالق خدر حەمەد) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و دەستخۆشی لەم دەستپێشخەرییە کرا. هەر لە میانی سەردانەکەیاندا، فێرخوازانی زانکۆ پێداویستییەکانی زستانەیان وەک (گۆرەوی، دەستکێش و کڵاو) بەسەر قوتابیانی قوتابخانەکەدا دابەش کرد بۆ خۆپاراستن لە سەرمای زستان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دەروونی منداڵەکان دروست کرد. فێرخوازان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دۆستانە لەگەڵ منداڵەکاندا ئاخافتن و ئەمەش کەشێکی پڕ لە میهرەبانی و جۆشی لە ناو قوتابخانەکەدا خوڵقاند.
ئەم چالاکییە ڕەنگدانەوەی هەستی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و گرنگیی کاری خۆبەخشییە لای فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ بەهێزکردنی گیانی هاوکاری لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا..







