
فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ باس لە مەترسییەکانی شەکر و خۆراکی ناتەندروست بۆ قوتابیانى قوتابخانەی “زاگا” دەکەن
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date تشرینی یەکەم 2, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 29/09/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتیی پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر على محەمەد حوسێن، سەرۆکی بەش سەردانی قوتابخانەی “زاگا”ی سەرەتاییان کرد.
لە کاتی گەیشتنیان لەلایەن ئەنیتا زادۆق ئادەم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی “زاگا”ی سەرەتایی بە گەرمی پێشوازی لە فێرخوازان کرا، پاشان فێرخوازان لە هۆڵى قوتابخانەکە بابەتێکیان بە ناونیشانی: “هۆشیاری لەبارەی شەکر و خۆراکی تەندروست بۆ منداڵان” پێشکەشکرد.
بۆ ئەوەش سەرەتا نانسی ناثر؛ باسی لە جیاوازیی نێوان شەکرە زیادکراوەکانی ناو شیرینی، خۆراک و خوارنەوە دەوڵەمەندەکان بە شەکر و، شەکرە سروشتییەکانی ناو میوەکان کرد، هاوکات گرنگیی جیاکردنەوەی جۆرەکانی شەکری لە کاتی هەڵبژاردنی خۆراکدا بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە ڕوون کردەوە.
پاشان حوراء سيف الدين، باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروست کرد، هەروەک چەند جێگرەوەیەکی تەندروستی بۆ قوتابیان خستەڕوو، کە دەکرێت لە بڕی شیرینی و سووکەخۆراکە دەوڵەمەندەکان بە شەکر پشتیان پێ ببەسترێت.
هەروەها مودە دڵشاد، باسی لە گرنگیی خواردنی میوەی فرێش و تازە وەک هەڵبژاردەیەکی خۆراکیی تەندروست کرد، لەهەمانکاتدا قوتابیانی هاندا میوە بکەنە ناو بەرنامەی خۆراکیی ڕۆژانەیان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، گفتوگۆیەکی ئاڵوگۆڕکارانە لە نێوان فێرخوازان و قوتابیاندا بەڕێوەچوو، دواتریش فێرخوازانى زانکۆ جۆرە جیاوازەکانی میوەی فرێشیان بەسەر قوتابیاندا دابەش کرد، لایەن خۆشییەوە، ئەنیتا زادۆق ئادەم، بەڕێوەبەری قوتابخانەی “زاگا”ی سەرەتایی دەستخۆشی لە دەستپێشخەریی فێرخوازانی بەشى بایۆمیدیکاڵ کرد و پێزانینی بەرزی بۆ هەوڵە بەنرخەکانیان لە چاندنی ڕەفتارە خۆراکییە دروستەکان لە نێو نەوەی نوێدا دەربڕی.



