
فێرخوازانی بەشی بایۆمیدیکاڵ چالاکیەکى تایبەت بە هۆشیاریی تەندروستیی بۆ خانەنشینانی هەولێر بەڕێوەدەبەن
- Categories بــەشى بایۆمیدیکەڵ
- Date ئەیلوول 21, 2026
ڕۆژی یەکشەممە ڕێککەوتی 20/09/2026، لە سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ چالاکییەکی هۆشیاریی تەندروستیی و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکییان بۆ ئەندامانی سەنتەرەکە بەڕێوەبرد.
لەو چوارچێوەیەدا؛ فێرخوازانی قۆناغی دووەم و چوارەم بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد، لە سەرەتای چالاکییەکەیاندا، لەلایەن یونس عوسمان خدر بەڕێوەبەری سەنتەری خانەنشینانی هەولێر پێشوازییان لێکرا و، دەستخۆشى لە فێرخوازان کرد بۆ ئەم دەستپێشخەرییە و ڕۆڵی لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستیی خانەنشینان.
پاشان فێرخوازان دەستیان بە ئەنجامدانى چالاکییەکەیان کرد و، تیایدا جەختیان لەسەر بەهێزکردنی شێوازی ژیانی تەندروست کردەوە، لەوانەش پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی هاوسەنگ، ئەنجامدانی ڕاهێنانی وەرزشیی بەبەردەوامی، زیادکردنی خواردنی میوە و سەوزەوات و، کەمکردنەوەی خواردنی شەکردار و سوێر. هەروەها فێرخوازان ژەمە خۆراکی سووکی تەندروستیان وەک خورما و چەرەسات پێشکەش کرد، بە مەبەستی هاندانیان بۆ هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروستتر.
جگە لەوەش، چالاکییەکە ئەنجامدانی پشکنینە تەندروستییە سەرەکییەکانی گرتەوە، لەوانەش پێوانی ئاستی شەکرەی خوێن، پەستانی خوێن و نیشاندەری بارستەی جەستە (BMI) و، جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەدواداچوونی بەبەردەوام و خۆپارێزیی و دەستنیشانکردنی پێشوەختە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، خانەنشینان سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەشى فێرخوازان و بەشدارییە کاریگەرەکەیان کرد؛ لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستیی و هاندانیان بۆ پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروستى.



