
فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چالاکییەکی زمانەوانى تایبەت بە ڕۆمانى (Pride and Prejudice) لە قوتابخانەی ئازادیی کچان بەڕێوە دەبەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 12, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 11/11/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی پەروەردەیی و، چالاکییەکی نواندنیان دەربارەی ڕۆمانی «شانازی و، خۆبەزلزانین» (Pride and Prejudice)ی نووسەر جەین ئۆستن لە قوتابخانەی ئازادیی کچان ئەنجام دا.
ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ڕۆژین حوسێن حوسێنی بەڕێوە چوو، کە تێیدا فێرخوازان لەلایەن عائیشە سەڵاح حەمدی بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
ڕەگەزە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە و، بەها ئەخلاقییەکان:
لە میانەی چالاکیەکەیاندا، سەرەتا فێرخواز سەبا ئەیاد عەبدولوەهاب پێشەکییەکی دەربارەی ڕۆمانەکە پێشکەش کرد و، ڕەگەزە سەرەکییەکانی ڕووداوەکانی وەک سەرەتا، هەڵکشانی ڕووداوەکان، لووتکە، داکشانی ڕووداوەکان و، چارەسەری ڕوون کردەوە.
دواتر فێرخواز تاوار ئەنوەر عەزیز قۆناغی لووتکە و، داکشانی ڕووداوەکانی تاوتوێ کرد و، تیشکی خستە سەر خاڵی وەرچەرخان لە ڕۆمانەکەدا. پاشان فێرخواز دنیا عەبدولستار شێخ قۆناغی چارەسەر و، چۆنیەتیی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ڕوون کردەوە، لەگەڵ خستنەڕووی بابەتە سەرەکی و، بەها ئەخلاقییەکانی وەک خۆشەویستی، هاوسەرگیری، چینە کۆمەڵایەتییەکان، گەشەی کەسی و، گرنگیی تێپەڕاندنی بڕیاری پێشوەختە.
چالاکی نواندن و، پێشبڕکێ:
بۆ بەهێزکردنی تێگەیشتنی قوتابیان، فێرخوازانی زانکۆ چالاکییەکی نواندنی کارلێککارانە و، پێشبڕکێیەکی پرسیار و، وەڵامیان ڕێک خست و، قوتابیانیان بەسەر سێ گرووپدا دابەش کرد: لە میانەی نمایشە نواندنەکان و، تاقیکردنەوەی ڕاست و، هەڵەدا، قوتابیان بە وردی ئاشنای کارەکتەرەکان، شوێن و، ڕووداوە گرنگەکانی ڕۆمانەکە بوون.
ئەنجامی چالاکییەکە:
لە کۆتاییدا فێرخوازانى بەشداربوو سوپاسی مامۆستا عائیشە سەڵاح حەمدی بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئازادیی کچان و، مامۆستایانیان کرد لە بەرامبەر کارئاسانی بۆ ڕێکخستن و، بەڕێوەبردنی چالاکییەکە لە قوتابخانەکەیان.



