
فێرخوازانی بەشی زمانی ئینگلیزی چالاکییەکی هۆشیارییان لەبارەی نابیستان لە پەیمانگەی جیهان بەڕێوەبرد
- Categories بەشی زمانی ئینگلیزی
- Date ئەیلوول 30, 2026
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 29/09/2026، لە بەشی کارگێڕیی کار لە پەیمانگەی جیهان، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکییەکی هۆشیارییان لەبارەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان (نابیستان) بەڕێوەبرد.
چالاکیەکە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر مەروە مەحمود و، بە بۆنەی مانگی هۆشیاریی نابیستان لە ئەیلوولدا ئەنجامدا، بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخوازان لەلایەن محەمەد حەسەن ئاغا سەرۆکی بەشی کارگێڕیی کار پێشوازییان لێکرا.
پاشان فێرخوازان چالاکییەکانیان دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستە سەرەتا فێرخواز حەسەن عەبدوڵڵا ناوەڕۆکى بابەتەکەى پێشکەش کرد، هاوکات فێرخواز وەفاء شیرزاد ئەحمەد سیمینارێکی لەبارەی هۆشیاریی زمانی ئاماژە پێشکەش کرد و، ڕۆڵی ئەم زمانەی وەک ئامرازی سەرەکیی پەیوەندیکردنى لە نێو نابیستان خستەڕوو. پاشان فێرخواز صبا إياد عبدالوهاب باسی لە دەستەبەرکردنی هەلی یەکسان بۆ نابیستان و ڕەخساندنی دەرفەت لە بەشداریکردنیان لە پەروەردە و کار و ژیانی کۆمەڵایەتیدا کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، فێرخواز دڵبیرن لازگن عومەر ئەزموونی ژیانی نابیستێکى لە نزیکەوە خستەڕوو و، جەختی لەسەر ڕۆشنبیریی و ناسنامەی نابیستان کردەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، فێرخوازان ڕاهێنانی ڕۆڵگێڕانیان لەگەڵ فێرخوازانی پەیمانگە جێبەجێ کرد تاوەکو لە ئاڵنگارییەکانی پەیوەندیکردنی نابیستان بگەین، پاشانیش کۆمەلێک نامیلکەی هۆشیارییان لەبارەی زمانی ئاماژە، پەیوەندیکردن و کارئاسانیی تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتیی بە سەر فێرخوازانى پەیمانگەکەدا دابەش کرد.



