
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ بانکی نیشتمان ئەنجام دەدەن
- Posted by University Press
- Date تشرینی دووەم 19, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 18/11/2026، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ بانکی نیشتمان لە هەولێر ئەنجام دا.
ئەم چالاکییە زانستییە بە سەرپەرشتیی دکتۆر ئیبراهیم حوسێن ئەحمەد بەڕێوە چوو، کە تێیدا لە کاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازان لەلایەن ئەیوب شەفیق سادق بەڕێوەبەری بانکی نیشتمانەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
ئاشنابوون بە ڕێکارە ژمێریارییەکان و، کارە بانکییەکان:
لە میانەی سەردانەکەدا، ڕزگار خورشید نەریمان سەرۆکی بەشی ژمێریاری لە بانکەکە، فێرخوازانی بە بەشی ژمێریاری ئاشنا کرد و، ڕوونکردنەوەیەکی وردی دەربارەی هەیکەلی ڕێکخستن، ئەرکە سەرەکییەکان و، چالاکییە ڕۆژانەکانی بەشەکە پێشکەش کرد.
هاوکات ئاماژەى بە ڕێکارە ژمێریارییە پەیڕەوکراوەکانی لە کارە بانکییەکاندا کرد، لەوانە تۆمارکردنی مامەڵە دارایییەکان، بەڕێوەبردنی هەژماری کڕیاران، جێبەجێکردنی کارەکانی دانان و، ڕاکێشانی پارە، و پاراستنی تۆمارە دارایییە وردەکان.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا گفتوگۆی دەربارەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتە دارایییەکان، چاودێریکردنی چالاکییە دارایییەکان، گرنگیی سیستمەکانی کۆنترۆڵی ناوخۆیی، دۆکیومێنتکردنی دروست و، پابەندبوون بە ڕێنمایییە بانکییەکان بۆ دەستەبەرکردنی شەفافیەت، لێپرسینەوە و، بەڕێوەبردنی داراییی کارا کرا، ئەوەش دەرفەتێکی بەنرخی بە فێرخوازان بەخشی بۆ بەستنەوەی زانیارییە تیۆرییەکانی ناو پۆل بە ڕێکارە کردارییەکانی ژمێریارییەوە.
کۆتایی:
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاس و، پێزانینی خۆی ئاراستەی ئەیوب شەفیق سادق بەڕێوەبەری بانکی نیشتمان و، ڕزگار خورشید نەریمان سەرۆکی بەشی ژمێریاری کرد لە بەرامبەر پێشوازیی گەرم، هاوکاری و، ڕوونکردنەوە بەنرخەکانیان لە میانەی بەسەرکردنەوەی بەشەکانی بانکەکەدا.
You may also like
فێرخوازانی بەشی ژمێریاری سەردانێکی زانستی بۆ بانکی زانکۆ لە هەولێر ئەنجام دەدەن

