
فێرخوازانی بەشی کارگێڕى گشتی سەردانى پەڕلەمانى کوردستان دەکەن
- Categories بەشی کارگێڕی گشتی
- Date تشرینی یەکەم 21, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان:
ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی 20/10/2026، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەم لە بەشی کارگێڕى گشتی بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
بەدواداچوون بۆ پرۆسە کارگێڕییەکان
لە کاتی گەییشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لەلایەن فریاد سەميع صابر، فەرمانبەر لە بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و پرۆتۆکۆل بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ، پاشان کورتهیەکی لەبارەی بەشە کارگێڕییەکان و میکانزمەکانى کاری یاسادانان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. دواتریش، فێرخوازان بەدواداچوونی مەیدانیان بۆ پرۆسەکانی لایەنى بەڕێوەبردنی حکومی و پرۆتۆکۆلی کەرتی گشتی لە پەڕلەمانى کوردستان کرد.
بەسەرکردنەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکان و کتێبخانەی گشتی
لە درێژەی سەردانەکەیاندا، فێرخوازان بەشى کارگێڕى گشتى، بەشە سەرەکییەکانی پەرلەمانیان بەسەرکردەوە، لەوانەش هۆڵی سەرەکیی کۆبوونەوەکان، کە تێیدا دانیشتنە پەرلەمانییەکان و پرۆسەی بڕیاردانى تێدا بەڕێوە دەچێت، سەرباری بەسەرکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی پەرلەمانی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا، لەلایەن کتێبخانەی گشتییەوە ژمارەیەک کتێبی پسپۆڕی بە دیاری بەخشرا بە فێرخوازان.
ئەنجامی سەردانەکە
لە کۆتاییدا، شاندی زانکۆی جیهان-هەولێر سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی فەریاد سەميع صابر و فەرمانبەر لە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ پێشوازی لە فێرخوازان و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە.



