
فێرخوازانی بەشی کارگێڕیی گشتی سەردانێکی زانستییان بۆ کۆمپانیای (NorthLight Holding) ئەنجام دا
- Categories بەشی کارگێڕی گشتی
- Date ئەیلوول 29, 2026
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەشی کارگێڕیی گشتی بۆ ئاشناکردنی فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بە سیستمی کاری کەرتی تایبەت، بەتایبەت لە بوارەکانی ڕێکخستنی کارگێڕیی، بەڕێوەبردنی ڕێکخستەیی، حوكمڕانیی کۆمپانیاکان، بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پێوەرە پیشەیییەکان لە ژینگەی جۆراوجۆری کاردا، ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی 28/09/2026، ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی کارگێڕیی گشتی، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ کۆمپانیای (NorthLight Holding) لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
لە کاتی گەیشتنیان، لەلایەن ڕەسەن برهان ڕاوێژکاری فرۆشتن بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و، پێشەکییەکی لەبارەی کۆمپانیاکە پێشکەش کردن و، ئاشنای پێکهاتەی ڕێکخستەیی، پڕۆسە بەگەڕخستنەکارییەکان و بوارە جیاوازەکانی چالاکییەکانیان کرد. هەر لە میانەى سەردانەکەدا، فێرخوازان ئاشنای چەندین بوارى سەرەکیی کاری کۆمپانیای (NorthLight Holding) بوون، لەوانەش گەیاندن و ژێرخانی تەکنەلۆجیای زانیاری، چارەسەرە ئەمنییەکان، خزمەتگوزاریی تاقیگەیی و کۆنتڕۆڵی جۆری، بازرگانیی پێداویستییەکانی وزە، موڵکوداریی و بازرگانیی نێودەوڵەتیی. هەروەها سروشتی ئەم چالاکییانە و شێوازی هەماهەنگیی و بەڕێوەبردنیان لە ژینگەی جۆراوجۆری کاردا ڕوون کرایەوە، لەگەڵ خستنەڕووی گرنگیی تەواوکاریی بەشە جیاوازەکان بۆ دەستەبەرکردنی کارگێڕیی کارا و پێشکەشکردنی بێگەردی خزمەتگوزارییەکان.
جگە لەوەش، فێرخوازان ئاشنای کۆمەڵێک شێوازی پرۆسەیی کارگێڕیی و ڕێکخستەیی بوون لە کۆمپانیاکەدا، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی حوكمڕانیی، شەفافیەت، پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکان، داهێنان و کارگێڕیی تۆکمە لە بەرزکردنەوەی ئاستی کارایی دامەزراوەکان و دەستەبەرکردنی بەردەوامیی و گەشەپێدانی کارەکانیان لە ژینگەی هاوچەرخی کاردا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، فێرخوازان و مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆیان بۆ ئیدارە و کارمەندانی کۆمپانیای (NorthLight Holding) دەربڕی بۆ پێشوازیی گەرم، زانیارییە بەنرخەکان و هاوکارییە بەرهەمدارەکەیان و، جەختیان لەسەر گرنگیی سەردانی زانستییەکان کردەوە لە بەهێزکردنی زانیارییە ئەکادیمییەکان، گەشەپێدانی ئەزموونی پرۆسەیی فێرخوازان و بەستنەوەی لایەنی تیۆریی بە جێبەجێکردنی مەیدانییەوە.
You may also like
لە زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانى کوردستان کرا
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرا. شاندی میوان پێکهاتبوون لە (سەلیم سەلیم حوسێن) بەڕێوەبەری سەندیکا و (گۆران …


