Back

فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار سەردانی کۆمپانیای (عالم أبعاد) دەکەن

سەرۆکایەتیی بەشی کارگێڕیی کار لە زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 11/10/2026، گەشتێکی زانستیی بۆ کۆمپانیای (عالم أبحاد) بۆ کاری دیجیتاڵی، بۆ فێرخوازانی قۆناغە جیاوازەکان ڕێکخست.

ئەم سەردانە زانستییە بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر بەڕێوەچوو، کە لە کاتی گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن سەفین کریم توفیق، بەڕێوەبەری کۆمپانیا بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

لە سەرەتادا، سەفین کریم توفیق تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ڕەوتی کارەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ڕوونی کردەوە کە لقی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە هەولێرە و لقی لە بەغدا و دوبەی هەیە، جەختی لەسەر گرنگیی فراوانکردنی چالاکییە بازرگانییەکان لە شوێنە جیاوازەکاندا کردەوە و وتى: فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەتوانێت یارمەتیی کۆمپانیا بدات بۆ زیادکردنی قازانج، بەهێزکردنی شوێنی خۆی لە بازاردا و کەمکردنەوەی مەترسییە داراییەکان.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئامۆژگاریی فێرخوازانی کرد کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هەر کارێکدا، گرنگی بە بەدەستهێنانی ئەزموون و فێربوونی کرداری بدەن، چونکە ئەزموون ڕۆڵێکی گرنگ لە پەرەپێدانی تواناکان و سەرکەوتنی داهاتوودا دەگێڕێت.

هەروەها سەفین کریم توفیق باسی لە جۆرە جیاوازەکانی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکە کرد، کە بریتین لە دابینکردنی پێداویستییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکان، بە تایبەتی لە بواری کامێرای چاودێریدا.

لە هەمان کاتدا، ئاماژەی بە گرنگیی پلاندانانی دارایی لە سەرەتای دامەزراندنی هەر پڕۆژەیەکدا کرد و ڕوونی کردەوە کە دەبێت خەرجییەکانی وەک کرێی شوێن، مووچەی کارمەندان و خەرجییەکانی تری پێویست بە وردی هەژمار بکرێن.

 جگە لەمانەش، جەختی لە گرنگیی دروستکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردەوە و، وتى: پەیوەندییە باشەکان دەتوانن پرۆسەی کارکردن ئاسانتر بڕەخسێنن، دەرفەتی نوێی بازرگانی دروست بکەن و یارمەتیی ڕاکێشانی کڕیاری زیاتر بدەن. لە کۆتایشدا باسی لە چۆنیەتیی ڕازیکردنی کڕیار کرد لە ڕێگەی دابینکردنی بەرهەمی گونجاو، کوالێتیی باش و نرخێکی گونجاو.

لە بەشێکی تری سەردانەکەدا، محەمەد بورهان خضر، بەڕێوەبەری بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری (IT)، جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی کۆمپانیاکان تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە فیدباکی کڕیارەکان دەبەستێت. هەروەها، باسی چەند سیستمێکی نوێی تەکنەلۆجیی کرد، لەوانە سیستمی LPR، کە بۆ ناسینەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە کاتی چوونەژوورەوەیان بۆ پرۆژە و شوێنە گەورەکان بەکاردێت.

هەروەها، سیستمی Face IDی ناساند، کە بۆ ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی کەسان لە کاتی چوونەژوورەوەیان بۆ کۆمپانیاکان و پرۆژەکان بەکاردێت.

لەکۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر هێڤی محەمەد قادر و فێرخوازان سوپاسی بەڕێوەبەر و تەواوی ستافی کۆمپانیای (عالم أبحاد)یان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە زانستییە.