فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی زانکۆی ئێست (UEL) لە لەندەن دەکەن
- Categories بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی, زانستی كۆمپیوتەر, کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تەممووز 11, 2026
لە چوارچێوەی هەوڵە چالاکیەکانیان لە بەریتانیا، فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکان، سەردانی زانکۆی “ڕۆژهەڵاتی لەندەن (University of East London – UEL)”یان لە شانشینی یەکگرتوو کرد.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، شاندى فێرخوازان، کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە (عەلی ماهر داود) لە قۆناغی چوارەمی بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی، و (ڕێکەوت عەبدوڵا ڕەسوڵ) لە قۆناغی چوارەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر، بە یاوەری (دکتۆر ئەنەس ئەلخووری) و بە سەرپەرشتی دامەزراوەی (IFG)سەردانەکەیان ئەنجامدا.
شاندەکە بەگەیشتنیان لەلایەن دکتۆر (محەمەد بابر)، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی University of East London – UEL، بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە دیدارەکەدا، دکتۆر محەمەد بابر دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان، ئینجا زانیارى وردى دەربارەی کۆلێژە زانستییەکان، پڕۆگرامەکانی خوێندنی باڵا (بەتایبەت ماستەر)، مەرجەکانی وەرگرتن و ئەو دەرفەتە ناوازانەی بۆ فێرخوازانی بیانی دابینکراون، پێشکەش بە شاندی میوان کرد.
دواتر، فێرخوازان گەشتێکی مەیدانییان بۆ ناو کەمپەس و تاقیگە و کتێبخانەی زانکۆکە ئەنجامدا، ئەمەش دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئاشنابوون بە ژینگەی خوێندنی باڵا لە بەریتانیا و هاندانی فێرخوازان بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان.



