فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانی سەنتەری ڕۆشنبیریی و کەلتورى عێراقی لە لەندەن دەکەن
- Categories بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی, زانستی كۆمپیوتەر, کۆلێژی دەرمانسازی
- Date تەممووز 12, 2026
لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئەکادیمی و کلتوورییەکانى شاندى فێرخوازانى زانکۆی جیهان-هەولێر لە شانشینی یەکگرتوو، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٩ی تەممووزی ٢٠٢٦، دوای کۆتاییهاتنی سەردانە زانستییەکەیان بۆ زانکۆی کینگستۆن، سەردانی سەنتەری ڕۆشنبیریی و کەلتورى عێراقییان لە شاری لەندەن کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە فێرخوازان (عەلی ماهر داود)، فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاریی تاقیگەیی پزیشکی و، (ڕێکەوت عەبدوڵا ڕەسول)، فێرخوازی قۆناغی چوارەم لە بەشی زانستی کۆمپیوتەر بە یاوەری (دکتۆر ئەنەس ئەلخووری) و، بە سەرپەرشتی (بەڕێز حەسەن حەدیسی) لە ڕێکخراوی IFG سەردانەکەیان ئەنجامدا.
سەرەتا شاندەکە لەلایەن (دکتۆر عەبدولحەمید سایەح) پێشوازییان لێکرا، دواى بەخێرهێنانیان، ئینجا کورتەیەکی دەربارەی پەیامی سەنتەری ڕۆشنبیریی عێراقی و ڕۆڵی لە ناساندنی کەلتووری عێراقی لە شانشینی یەکگرتوو پێشکەش بەشاندى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، تیشکی خستە سەر خزمەتگوزارییە کەلتووری و ئەکادیمییەکان و ئەو چالاکییانەی، کە سەنتەرەکە بۆ پشتگیریکردنی ڕەوەندی عێراقی و بەهێزکردنی پەیوەندییە کەلتووری و پەروەردەییەکان ئەنجامیان دەدات.
لە کۆتایدا، کۆمەڵێک زانیارى گرنگى دەربارەی چەندین زانا و ئەکادیمیی لێهاتووی عێراقی کە دەستکەوتەکانیان خزمەتێکی گەورەی بە زانکۆ و ناوەندە توێژینەوەییەکانی بەریتانیا کردووە پێشکەش بە فێرخوازان کرد.



