فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە وارشۆ مۆزەخانەی سەربازیی پۆڵەندا بەسەردەکەنەوە
لە پەراویزى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندنیان لە زانکۆی (SGGW) لەو وڵاتە، گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پۆڵندا؛ ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (23/4/2026)، سەردانێکی زانستی و کەلتوورییان بۆ مۆزەخانەی سەربازیی پۆڵەندا (Polish Army Museum) لە شاری وارشۆ ئەنجامدا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە میانەى گەشتەکەیاندا فێرخوازان بەشە جیاوازەکانى مۆزەخانەی سەربازیی پۆڵەندایان بەسەرکردەوە و، لەنزیکەوە ئاشناى میراتی مێژوویی و وەرچەرخانە سیاسی و سەربازییەکانی وڵاتی پۆڵەندا بوون، مۆزەخانەکە لە چەندین گەلەری و هۆڵ و نمایشى جیاواز پێکهاتووە کە تێیدا کۆمەڵێک پارچەی دەگمەن و، جۆرە جیاوازەکانی چەکی سارد و گەرم، ئاڵا و پۆشاکە سەربازییەکانی قۆناغە جیاوازەکانی مێژوویی تیادا نمایش کراون؛ جگە لە بەشی دەرەوەی مۆزەخانەکە کە ئامێرە قورسەکان وەک تانک، فڕۆکەی جەنگی، تۆپهاوێژ و سیستمە موشەکییەکانى تیایدا نمایش کراوە، ئەم پێکهاتە هەمەچەشنەیەی مۆزەخانەکە وای کردووە ببێتە قوتابخانەیەکی مەیدانی بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای سەربازی و شێوازی بەرگریی گەلان لە ناسنامە و خاکی خۆیان.
فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر،کە پێکهاتبوون لە لە(کۆسرەت ئازاد خدر و ڕەوا عبدالستار جبار) فێرخوازانى قۆناغى دووەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و (هێڤار هەژار محمد) فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەشەکانى مۆزەخانەکەدا، بەدواداچونیان بۆ کۆمەڵێک پارچەی دەگمەن، چەکی مێژوویی و بەڵگەنامەی دۆکۆمێنتکراو کرد کە مێژووی دێرین و هاوچەرخی پۆڵەندا دەگێڕنەوە. ئەم بەسەرکردنەوەیە دەرفەتێکی باش بوو بۆ فێرخوازانی زانکۆی جیهان تا لە نزیکەوە ئاشنای قوربانیدانەکانی گەلی پۆڵەندا و پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای سەربازی لە قۆناغە جیاوازەکاندا بن، کە ئەمەش تێگەیشتنیان بۆ پێگەی شارستانیی ئەو وڵاتە قووڵتر کردەوە.
مۆزەخانەی سەربازیی پۆڵەندا (Muzeum Wojska Polskiego) لە ساڵی 1920 دامەزراوە و، بە دووەم گەورەترین مۆزەخانەی شاری وارشۆ و گەورەترین ناوەندی کۆکردنەوەی کەلوپەلی سەربازی لە پۆڵەندا دادەنرێت، کە زیاتر لە 300 هەزار پارچەی مێژوویی و دەگمەنى لەخۆگرتووە. پێکهاتەی ناوەوەی مۆزەخانەکە بە شێوەیەکی زانستی بۆ چەندین هۆڵی سەرەکی یان “مۆدیۆل” دابەشکراوە، کە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان پۆلێن کراون؛ لەوانە: مۆدیۆلی سەدەی (10 تا 18)، مۆدیۆلی سەدەی (19)، مۆدیۆلی سەدەی (20)، هۆڵی تایبەت بە “ڕۆژهەڵات (The Orient)”، لەگەڵ هۆڵێکی تایبەت بۆ پیشانگە کاتییەکان. ئەم مۆزەخانەیە وێنەیەکی گشتگیری هەزار ساڵەی مێژووی بەرگری و جەنگەکانی پۆڵەندا لە سەدەی دەیەمەوە تاوەکو جەنگی جیهانی دووەم بۆ سەردانیکەران بەرجەستە دەکات.







