فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵندا سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد
فێرخوازانی بەشەکانی (ئەندازیارى تەلارسازى، نیوتریشن و دایەتێتیکس، مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و، بایۆمیدێکاڵ) زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لە ئێستا بۆ کۆرسێکى خوێندن لە پۆڵندان؛ لە پەراوێزى خوێندنەکەیان سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەو وڵاتە کرد.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (28/10/2023) فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ زیاد رەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وارشۆ کۆبونەوە. لە کوبونەوەکەدا؛ کە بە ئامادەبوونی شێرزاد جاف کۆنسوڵ لە باڵێۆزخانەی عێراق لە وارشۆ بەڕێوەچوو، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بەخێرهێنانیان بۆ پۆڵندا، ستایشی توانا و لێهاتوویی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێریان کرد، کە توانیویانە ئەو دەرفەتە بەدەست بهێنن و، کۆرسێکی خوێندنیان لەو وڵاتە تەواو بکەن، هیواشی خواست لە ماوەی مانەوەیان و تەواوکردنی کۆرسەکەیان لە پاڵ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانیان لە پسپۆڕییەکانیان، لەهەمانکاتدا هەوڵ بدەن پردێکی زانستی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پۆڵندا دروست بکەن، بەتایبەت لە ئاستی فێرخوازان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کورستان لە پۆڵندا گفتوگۆیان لەبارەی چەند بابەتێکى هاوبەش کرد، بۆ ئەوەش زیاد ڕەئوف نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی و پشتیوانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دوپات کردنەوە.
ئەو پێنچ فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٢/١٠/٢٠٢٣) گەیشتنە وارشۆى پایتەخت، لە ئێستادا دەستیان بە کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) کردوە، ئەو پێنچ فێرخوازە؛ لە چوارچێوەی کارە هاوبەشەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەکاندا بۆ ئاڵوگۆڕی فێرخوازان و ئەزمونى زانستی و ڕاهێنانی مرۆیی دێ، بەمەبەستى پەرەپێدان بەتوانا و لێهاتوویە زانستیەکانیان لە بوارەکانى بایۆمیدیکاڵ و مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى ئەندازیارى تەلارسازى و (نیوتریشن و دایەتێتیکس) .