فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر ناوچە کەلتورى و ڕۆشنبیرییەکانى پۆڵندا لە وارشۆ بەسەردەکەنەوە
دواى ئەوەى یەکەمین گروپى فێرخوازانی زانکۆى جیهان-هەولێر لە ساڵى نوێى خوێندنى (2027-2026) لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتنە وڵاتی پۆڵەندا، لە پاڵ دەستپێکردنى کۆرسى ئەکادیمى؛ چالاکیە کەلتورى و ڕۆشنبیرییەکانیشیان دەستپێکرد.
لەو چوارچێوەیەدا هەریەک لە (ئەحمەد محەمەد کەمال) فێرخوازى قۆناغى دووەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى و و (مینا حوسێن کەریم) فێرخوازى قۆناغى چوارەمى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە ئێستادا لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW)دەخوێنن؛ سەردانی کۆشکی بەناوبانگى ڕۆشنبیری و زانست (Palace of Culture and Science)یان لە شاری وارشۆی پایتەختی وڵاتی پۆڵەندا کرد.
لە کاتی سەردانەکەدا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەش و هۆڵە جیاوازەکانی کۆشکەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشنای شێوازی تەلارسازیی مێژوویی و هۆڵ، مۆزەخانەکان و ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی ناو کۆشکەکە بوون.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، فێرخوازان چالاکییە کەلتوورییەکانی ناو مۆزەخانە و پێشانگە هونەرییەکانی ناو کۆشکەکەیان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى مێژووی هاوچەرخی وڵاتی پۆڵەندا، کەلەپووری نەتەوەیی و ئاڵوگۆڕییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بوون.
زانکۆى جیهان-هەولێر لە ماوەى پێنچ ساڵى ڕابردودا زیاتر لە (٨٠) فێرخوازى لە قۆناغ و بەشە جیاوازەکان ڕەوانەى پۆڵندا کردوە و، توانیویان بەسەرکەتوویی کۆرسى خوێندن لەو وڵاتە تەواو بکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و، لە چەند ڕۆژى ڕابردودا زانکۆى جیهان-هەولێر 21 (کورسی خوێندن) بۆ فێرخوازانی لە وڵاتی پۆڵەندا بۆ هەریەک لە زانکۆی وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences- SGGW) و، زانکۆی وۆچ (University of Lodz) ، بۆ فێرخوازانى ڕاگەیاند.
