فێرخوازانی بەشى ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوو لە ئەکادیمیای نێستڵە بەسەرکەوتویی تەواو دەکەن
- Categories بەشی ژمێریاری
- Date حوزهیران 29, 2026
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەهێزکردنی لایەنی پراکتیکی فێرخوازان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار، گرووپێک لە فێرخوازانی بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٦/٢٨)، خولێکی ڕاهێنانی پێشکەوتوویان لە ئەکادیمیای نێستڵە بەسەرکەوتویی تەواو کرد.
خولەکە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) لە ناوەندی گەنجان (Youth Hub) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو و تاوەکو ڕێکەوتی ٢٨/٦/٢٠٢٦ بەردەوام بوو، خولەکە بە دروشمی “گۆڕینی فێربوون بۆ دەرفەت” ڕێکخرابوو، تاوەکو فێرخوازان ئاشنای ژینگەی کاری کۆمپانیا جیهانییەکان و ستراتیژییەکانی بەڕێوەبردنی بازرگانی بن.
لە ڕۆژانی یەکەم و دووەمی خولەکەدا، فێرخوازان ئاشنای کەلتووری کارکردنی کۆمپانیای نێستڵە و بەها بنەڕەتییەکانی ناو دامەزراوەکە بوون. هەروەها لە ڕێگەی زنجیرەیەک دانیشتنی کارلێکەرەوە، شیکردنەوەی وردیان بۆ بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیاکەیان بۆ کرا، لەوانە بەشەکانی (دارایی، مارکێتینگ، و خۆراک)، کە تێیدا فێرخوازان درکیان بە چۆنیەتی هەماهەنگی نێوان ئەم بەشانە کرد بۆ سەرخستنی پڕۆژە بازرگانییەکان. ڕۆژی سێیەمی ڕاهێنانەکەش تایبەت بوو بە کارامەییەکانی فرۆشتن و ژینگەی کار، کە تێیدا فێرخوازان مەشقیان لەسەر بنەماکانی فرۆشیاری، مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیاران، دابەشکردنی بەرهەمەکان و ڕێکارەکانی سەلامەتی لە شوێنی کار ئەنجامدا.
بەرنامەی ڕاهێنانەکە لە ڕۆژی چوارەمدا گەشتێکی مەیدانیی بۆ ناوەندی دابەشکردنی نێستڵە و چەندین فرۆشگای تاکفرۆشی لە شاری هەولێر لەخۆگرتبوو، تاوەکو فێرخوازان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پرۆسەی مارکێتینگ و فرۆشتنی ڕاستەقینە لە ژینگەی بازاڕدا ببینن.
لە کۆتا ڕۆژیشدا، پێداچوونەوەی گشتی بۆ زانیارییە بەدەستهاتووەکان کرا و گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی گەشەپێدانی پیشەیی بەردەوام ئەنجامدرا.
You may also like
لە زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانى کوردستان کرا
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرا. شاندی میوان پێکهاتبوون لە (سەلیم سەلیم حوسێن) بەڕێوەبەری سەندیکا و (گۆران …


