فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە سودەکانى بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەکات
بۆ ڕونکردنەوە و باسکردنى سودەکانى بەرهەمە شیرەمەنیەکان، فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر میواندارى بەرنامەیەکى تایبەت دەکرێ.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢/٣/٢٠٢٣) ئەوین هیوا فێرخوازى قۆناغی چوارەمی بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر، لەلایەن کەناڵى ئاسمانى ئاڤا ئینتەرتەینمێنت میواندارى کرا بۆ بەشداریکردن لە تەوەرێکى پرۆگرامى (ماڵتان ئاڤا) کە تەرخانکرا بوو بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى چۆنیەتى سودوەرگرتن لە بەرهەمى شیرەمەنیەکان.
لەو بەرنامەیەدا، کە بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ پەخشکرا و، لە میانەى وەڵامدانەوەى پرسیارى پێشکەشکاران، ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى تیشکى خستەسەر چۆنیەتى بەکارهێنان و خواردن و خواردنەوەى بەرهەمى شیرەمەنیەکان، بۆ ئەو مەبەستەش باسى لە گرنگی و کاریگەرییەکانى خواردنى ماست کرد بۆ کۆئەندامی هەرس و سوودەکانی بەکتریا سوودبەخشەکان بۆ تەندرووستی.
لە تەوەرێکى دیکەى بەرنامەکەدا، ئەوین هیوا ئاماژەی بە جێگرەوەکانی بەرهەمە شیرەمەنیەکان کرد، وەک سودوەرگرتن لە سەرچاوەی ڕووەکی بۆ ئەو کەسانی کە هەستیاری لاکتۆسیان هەیە.