فێرخوازێکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەبێتە پێشەنگى پاڵەوانیەتی لەشجوانی عێراق
فێرخوازێکى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە پێشبڕکێى پاڵەوانیەتى لەشجوانى عێراق پلەیەکى نایاب بەدەست دەهێنێ.
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى یەکێتى ناوەندیی پەرەپێدانى تواناى لەشجوانی عێراق، بۆ یەکەمینجار لە شارى بەغداد پێشبڕکێى پاڵەوانیەتى لەشجوانى عێراق لە نێوان (٨٠) یاریزان بەڕێوەچوو.
لەو چوارچێوەیەدا، شيروان فرهاد محمد کە فێرخوازى قۆناخى چوارەمى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێرە بەشدارى لە پێشبڕکیەکەدا کرد و توانى پلەى دوەم بەدەست بهێنێ.
لەو پاڵەوانیەتیەدا، گرنگییەکی زۆر بەپاراستنی تەندروستی و شێوەى دەرەوە و لەشجوانی یاریزانەکان دەدرێ، هەروەک شيروان فرهاد محمد باسیکرد یەکێک لە ئامانجە وەرزشییە گرنگەکانى ئەم یاریە بریتیە لە بایەخدان بەتوانا جەستەیەکان.
ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیشیکردەوە، یەکەم ڕاهێنەری عێراقیە کە توانیویەتى بەشداری ئەم خولە بکات، بەتایبەت لە ڕووی پابەندبوون بەبنەماى یاریەکان، وتیشى یاریەکە یارمەتییەکی زۆریداوە تا لە خوێندنەکەى سەرکەوتوبێت، ئاماژەى بەوەشدا کە ئامانجیانە پەرە بە بڵاوکردنەوەی ئەو کەلتوورە لە کوردستان و عێراق بدەن.