لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە زیان و کاریگەرییەکانى ماددە هۆشبەرەکان بۆ فێرخوازان کرا
بەئامانجى هۆشیارکردنەوەى فێرخوازان بۆ دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانى ماددە هۆشبەرەکان، بە چاودێرى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر؛ ڕێکخراوى هاوکارى مرۆڤایەتى چالاکیەکى هۆشیارى بۆ فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٥/١١/٢٠٢٤) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ، بەئامادەبونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان و مامۆستایان و فێرخوازان لە بەش و قۆناغە جیاکان ئامادەیبوون، سەرەتا کورتەیەک لەبارەى جۆر و زیانەکانى ماددە هۆشبەرەکان باس کرا، پاشان سەرۆکى ڕێکخراوى هاوکارى مرۆیی (Organization for Humanitarian) باسى لە ئامانجى ڕێکخستنى سمینارەکە کرد، دواتریش کورتەیەکى لەبارەى جۆرەکانى ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگەچارەکانى پێشکەش بە فێرخوازان کرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا هەریەک لە جولیا کریسماو (Giulia Crismaw) و، گریگۆری کریستینسن (Gregory Christensen) خۆبەخش لە ڕێکخراوى هاوکارى OHC (Cooperation OHC) بابەتێکى هاوبەشیان بەناونیشانى ڕاستی دەربارەی ماددە هۆشبەرەکان پێشکەشکرد، لەسەرەتاى باسەکەیاندا کورتەیەکیان لەبارەى کاروچالاکى ڕێکخراوەکەیان لە وڵاتانى جیهان باسکرد، پاشان بەشێوەیەکى زانستى باسیان لەو زیانە جۆراوجۆرانە کرد، کە بەکارهێنەرانى ماددە هۆشبەرەکان ڕوبەڕوى دەبنەوە بەتایبەت لە بوارى تەندروستى، دەرونى، کۆمەڵایەتى و ئابورى، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک ڕێنمایی جۆراوجۆریان پێشکەش بە فێرخوازان کرد بۆ چۆنیەتى دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر، ڕونیشیانکردەوە ئەزمونەکانى وڵاتانى جیهان ئەوەیان سەلماندوە کە بازرگانانە ڕێگە و شێوازى جیاواز بەکاردەهێنن بۆ ئاڵودەبونى تاکەکانى کۆمەڵگە، بۆیە بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیارى خاڵێکى گرنگە بۆ خۆبەدورگرتن لەو پەتا کوشندەیە.
لە کۆتایی چالاکیەکەشدا، فێرخوازان کۆمەڵێک سەرەنج و پرسیار و بۆچونى جیایان لەبارەى ماددە هۆشبەرەکان خستەڕوو، هەروەک لەلایەن ڕێکخرانى چالاکیەکەش وەڵامى پێویستى فێرخوازان و ئامادەبوان درایەوە.