لە زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپی ئامادەکردن و دروستکردنى دەرمانى جوانکاری بەڕێوەچوو
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١١/١٢/٢٠٢٣) سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ بەهاوکارى کۆلێژى دەرمانسازى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، وۆرکشۆپی لەبارەى چۆنیەتى ئامادەکردن و دروستکردنى دەرمانى جوانکاری بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى سەرۆکى بەشە پزیشکى و تەندروستیەکان و ستافى زانستى و فێرخوازان ئامادەیبون، دکتۆر مونتەزەر الربیع، توێژەر و وانەبێژی خاوەن ئەزموون لە بواری جوانکاریدا بابەتەکەى بە شێوەى تیورى و پراکتیکى پێشکەشکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕووە تیورەکەیدا بەوردى باسى لە هەنگاوەکان و چۆنیەتى ئامادەکردنى دەرمانە جۆراوجۆرەکانى جوانکارى کرد.
لە بەشى دووەم، سەرۆکی بەشەکان و ئەندامانی ستافى زانستى و فێرخوازانى بەشە جیاوازەکان و، بەشێوەیەکى پراکتیکی لە تاقیگەی جینات و گۆڕانکاری بایۆلۆجی بەڕێوەچوو، دکتۆر مونتەزەر الربیع هەنگاوەکانى پرۆسەى دروستکردنى سابون و کرێم و دەرمانەکانى جوانکارى بۆ ئامادەبوان بەشێوەیەکى زانستى شیکردەوە.
لە کۆتایدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر مەدالیاى و سوپاس و ڕیزلێنانى پێشکەش بە دکتۆر مونتەزەر الربیع، توێژەر و وانەبێژی خاوەن ئەزموون کرد لە بەرامبەر پێشکەشکردنى وۆرکشۆپەى و خستنەڕوى ئەزمونى بە مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر.