لە زانکۆى زانکۆى جیهان-هەولێر ورکشۆپێک لەبارەى زیرەکى دەستکرد (AI) و ئینتەرنێت (IoT) بەڕێوەچوو
لە ڕۆژانى 17 تا 18ی ئایاری 2023 لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکى نێوەدەوڵەتى بەناونیشانى گەڕان بەدوای هاوکاری زیرەکی دەستکرد (AI) و ئینتەرنێتی شتەکان (IoT) (An International Workshop of Exploring the Synergy of Artificial Intelligence (AI) and Internet of Things (IoT): Empowering the Future of Smart Technologies) بەڕێوەچوو.
لە ڕێوەڕەسمى کردنەوەى وۆرکشۆپەکەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسى زانکۆى جیهان-هەولێر بەئامادەبوونى ژمارەیەک لە پسپیۆڕان و توێژەرانى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى دەستیپێکرد، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆس ەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا بەگرنگیەوە باسى لە بوارى تەکنەلۆژیاى زانیارى کرد و ڕایگەیاند: ‘‘جیهانى ئەمڕۆ لە بواری تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد شایەتى پێشکەوتنی گەورەیە، کە ئاوێتەى وردەکاری و چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بووە، بۆیە لە ئێستادا پێویستمان بە بەڕێوەبردنی ورد و شێوازێکی هۆشیارانەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بوارە’’، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕوو لە توێژەران و ئامادەبوان باسى لە ڕۆڵى زانکۆ و گرنگى توێژینەوەى زانستى کرد و وتى: ‘‘پێویستە توێژینەوەکانى ستافی ئەکادیمى زانکۆکانمان هاوتەریب بێ لەگەڵ ئەو پێشهات و گۆڕانکارییە خێرایانەى لەسەر ئاستى جیهان ڕوودەدەن، هەربۆیە جەخت لەسەر گرنگی زیرەکی دەستکرد دەکەینەوە، هیواشى خواست توێژەران هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لە بوارەکەدا بەتایبەت لەو توێژینەوە پراکتیکیانەى، کە پەیوەست بە بەکارهێنانیان لە بوارەکانی پزیشکی، پەروەردەیی، کشتوکاڵی، کەشوهەوا و بوارەکانی تردا’’.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە بە هاوکاری بەشی زانستی کۆمپیوتەر و بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکخرابوو، لە ماوەى ئەو دوو ڕۆژەدا وۆرکشۆپەکە بووە سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییە نوێیەکان، ئەوەش لە میانەى خستنەڕووى چالاکى و بەرهەمى (١١) توێژەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆکانى عێراق، لەگەڵ شەش توێژەری نێودەوڵەتی کە بەحرەین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سوڵتانییەتی عومان، لیبیا و شانشینی یەکگرتوو کرد و بە شارەزایی خۆیان گفتوگۆکانیان دەوڵەمەندتر کرد.
جگە لەوەش وۆرکشۆپەکە بووە دەرفەتێکی گرنگ بۆ فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر و بەشی ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ پیشاندانى پڕۆژە پراکتیکییەکانیان.