لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە چالاکیەکى زانستى ڕۆژی جیهانی کواڵیتی کرایەوە
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کواڵیتی، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (١٧/١١/٢٠٢٤) زانکۆی جیهان – هەولێر بە هاوکاری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بازرگانان و ژنان و، ناونیشانی “کواڵیتی و داهێنان کلیلی پەرەپێدانە” میوانداری کۆنفرانسێکی گرنگی زانستى کرد .
لەو کۆنفرانسەدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عەبدولسەتار کەریم سەعید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و فێرخوازان و، ژمارەیەکى زۆر لە پسپۆڕان و ئەکادیمیستەکان و کەسانی ئارەزومەند لە بوارە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى گرنگی جێبەجێکردنی ستانداردەکانی کوالیتی وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ بەدەستهێنانی پەرەپێدانی بەردەوام لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان کرا.
بەرنامەی کۆنفرانسەکە بە وتارێکی دکتۆر عەبدولسەتار کەریم سەعید دەستى پێکرد، کە بە نوێنەرایەتی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان – هەولێر پێشکەشیکرد تیایدا باسی لە گرنگی کوالیتی لە بوارە جیاکانى ژیان و ڕۆڵی زانکۆ لە بڵاوکردنەوەی کەلتوری کوالیتی لەنێو فێرخوازان کرد، هەر لەو چوارچێوەیەدا باسى لە هەنگاو و پلانەکانی زانکۆ بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئامانجەکانی کوالیتی و کارایی لە خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان کرد. پاشان، عیماد الروکبی جێگری سکرتێری گشتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی بازرگانان و ژنان وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا سەرەتا سوپاسی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد بۆ میوانداریکردنی چالاکییەکە، هەروەها باسی لە ڕۆڵی زانکۆکان کرد لە بڵاوکردنەوەی کەلتوری کوالیتی و چەمکەکانی، هەر بەو بۆنەیەوە مامۆستا محمد زیدان السبەیحی- بەڕێوەبەری یاسایی، بە نوێنەرایەتی بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی کارگێڕی و تەکنەلۆجیای زانیاری لە وەزارەتی پلاندانان، لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکدا باسی لە ڕۆڵی دامودەزگاکانی حکومەت کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانى بڵاوکردنەوە و جێبەجێکردنی مەرجەکانی کوالیتی لە بوارە جیاکان.
لە بەشێکى دیکەى ئەو چالاکیە زانستیەدا، پانێڵێک، کە لەلایەن مامۆستا ئازور مەهدی قاسم ئاغا، سەرۆکى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەرپەرشتی کرا، جەختی لە گرنگی تەوەرەکانی کۆنفرانسەکە کردەوە لە پێناو باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان. هەروەها ئاماژەی بە پێگەی زانکۆی جیهان- هەولێر و پەرۆشی بۆ بەکارهێنانی ستانداردی کوالیتی لە سەرجەم پرۆگرامە ئەکادیمی و کارگێڕییەکانیدا کردەوە، پاشان دکتۆر ویسام بەدر کازم بەڕێوەبەری بەشی ڕاهێنانی کارگێڕی و کوالیتی لە سەنتەری نیشتمانی عێراق تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ناوەندی نیشتمانی عێراق لە بڵاوکردنەوەی کەلتوری کوالیتی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، وتیشى لەو چوارچێوەیەدا چەندین چالاکى جۆراوجۆر لە بوارەکانى پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری، ڕێکخستنی وۆرک شۆپ ، دانانی پێوەر و ستاندارد، و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن کاردەکەین، دواتر ڕێبین – بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان – باسی لە گرنگی جێبەجێکردنی ستانداردی کوالیتی لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان کرد، بە مەبەستی پاراستنی سەرچاوەکان و پاراستنى ژینگە، هەر لەو بوارەدا حسێن سنجاری بەڕێوەبەری ناوەندی هەواڵگری کوردستان بۆ زیرەکی دەستکرد باس لە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد بکە لە باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان، لە ڕێگەی ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەکان و شیکردنەوەی داتاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کەسییەکان .
لە پانێڵى دووەمدا، کە بە بەناونیشانی (ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بەڕێوەبردنی کوالیتی) بەڕێوەچوو و، لەلایەن دکتۆر حسام الشێخا سەرپەرشتی کرا، تیایدا تیشک خرایە سەر پێداچوونەوە بەو دەرفەت و ئاڵنگاریانەى کە زیرەکی دەستکرد لە بواری بەڕێوەبردنی کوالیتی پێشکەشی دەکات، هەر لەو بوارەدا دکتۆر حەسەن فەهمی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، تێڕوانینێکی گشتى سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکرد بۆ باشترکردنی کارایی بوارەکان و، پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و، بەدەستهێنانی ڕەزامەندی کڕیاران پێشکەش کرد، پاشان پرۆفیسۆر سرود ئەحمەد – بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی – جەختی لەسەر ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بەڕێوەبردنی کوالیتی لە بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێی کەرتی پیشەسازی و، باشترکردنی بەرهەمهێنان، کەمکردنەوەی تێچوونەکان، و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕازیبوونی کڕیار کردەوە.
لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئامادەبووان لە ڕێگەی بەشداریکردن و خستنەروى بۆچوون و پرسیارەکانیان جەختیان لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی ستانداردەکانی کوالیتی لە هەموو سێکتەرەکاندا کردەوە، هەروەها هاوکاری نێوان زانکۆکان و دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی تایبەت بۆ بەرزکردنەوەی کەلتوری کوالیتی بە گرنگ وەسفکرد.