لە زانکۆی جیهان-هەولێر و لە مەراسیمێکى تایبەتدا؛ مۆزەخانەی (دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر) وەک ناوەندێکی توێژینەوەی ئاییندەیی و پاراستنی میراتی نیشتمانی کرایەوە
- Categories ههواڵ و چالاكیهكان
- Date حوزهیران 30, 2026
لە مەراسیمێکی شکۆدار و فەرمیدا ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتی (٢٠٢٦/٦/٣٠)، “مۆزەخانەی دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر” لە ناو کەمپەسی زانکۆی جیهان-هەولێر کرایەوە. ئەم مۆزەخانەیە وەک ناوەندێکی زانستی و مەعریفیی نوێ بونیاد نراوە تاوەکو ببێتە بزوێنەرێک بۆ پەرەپێدانی کەلتوور و ئاشناکردنی نەوەی نوێ بە ڕەهەندە مێژوویی و شارستانییەکانی کوردستان.
لەو مەراسیمەدا، کە بە ئامادەبوونی پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و، سەفین دزەیی سەرۆکى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و، زانا مەلا خالید بەرپرسى لقى دووى (پ.د.ک) و، سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و، مامۆستایانى زانکۆ و، کەسایەتیە ئایینییەکان، ڕۆشنبیران و زمانناسان، و ئەدیبان و هونەرمەندان، بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران.
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر: مۆزەخانەی ئاییندە و گواستنەوەی شارستانییەت
لە دەسپێکی مەراسیمەکەدا، کە بە مارشی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” دەستی پێکرد، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان وتارێکی پێشکەش کرد و، تێیدا جەختی لەسەر چەمکی “مۆزەخانەی ئاییندە (Future Museum)” کردەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان لەم ناوەندە، دۆکیومێنتکردنی وڵات و دروستکردنی پردێکە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا. دکتۆر نەوزاد ڕایگەیاند: “ئێمە بە زانین و کار دەتوانین شارستانی بین؛ مۆزەخانەکەمان تەنها بۆ بینینی ڕابردوو نییە، بەڵکو شوێنێکە بۆ ئەوەی ئەکادیمییەکان و زانایان تێیدا بخوێننەوە بۆ ئەوەى بزانین چۆن دەتوانین بونیادی داهاتووی نیشتمانەکەمان بنێین.” هەروەها داوای لە تەواوی چین و توێژەکان کرد، لە بازرگان و سیاسی و پیاوانی ئایینی، کە وەک یەک تیم بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و پاراستنی مێژووەکەی کار بکەن.
پارێزگاری هەولێر: دیارییەکی نوێ بۆ مێژووی پڕ شانازیی پایتەخت
لای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا ستایشی ڕۆڵی خانەوادەی “حاجی یەحیا باجگر”ی کرد لە بوژانەوەی کایەکانی ئەکادیمی، بازرگانی و خێرخوازی لە شاری هەولێر. پارێزگار ئاماژەی بەوە کرد کە کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە دیارییەکی بەنرخە بۆ خەڵکی هەولێر، چونکە توانیویەتی سێ ئەڵقەی مێژوو، ئێستا و داهاتوو بەیەکەوە ببەستێتەوە. ئومێد خۆشناو جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە، متمانەی گەنجان بە نیشتمان و مێژووەکەیان بەهێزتر دەکات و دەبێتە ناوەندێکی گرنگی توێژینەوەی ئاییندەیی (Future Research Center) لە پایتەختدا.
هەوڵێکی شەش مانگەی تیمی ئەندازیاران و هونەرمەندان
سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، پایەدار شێخ موعتەسەم، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، ڕایگەیاند: ئەم ناوەندە بەرهەمی ماندووبوونی شەش مانگ کارکردنی بەردەوامی تیمە ئەندازیاری و هونەرییەکانە. بۆ ئەوەش سوپاسی تایبەتی دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگری کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم هەلە و، ستایشی ڕۆڵی ئەندازیار و هونەرمەند (بورهان سابیر)ی کرد کە وەک سەرپەرشتیارێکی دڵسۆز جێ پەنجەی لە تەواوی وردەکارییە تەلارسازی و هونەرییەکانی مۆزەخانەکەدا دیارە. بەڕێوەبەری مۆزەخانە دووپاتی کردەوە کە ئامانجیان گەیاندنی مۆزەخانەکەیە بە ئاستێکی مۆدێرنی جیهانی تاوەکو ببێتە پەنجەرەیەک بۆ گەشتیاران و میوانان بۆ ناسینی ناسنامەی ڕاستەقینەی شارەکە.
مۆزەخانەکە و بانگهێشتی گشتی
دوای نمایشکردنی کورتە فیلمێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، ئامادەبووان بە فەرمی مۆزەخانەکەیان کردەوە و بەشە جیاوازەکانیان بەسەرکردەوە، مۆزەخانەی دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر، کە دەکەوێتە ناو کەمپسى زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆمەڵێک پارچەی دەگمەن، دەستنووس، دۆکۆمێنت و شوێنەواری پڕبایەخ لەخۆدەگرێت. سەرۆکایەتی زانکۆ و ئیدارەی مۆزەخانەکە، بانگهێشتی گشت توێژەران و هاوڵاتیان دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی ئەم ناوەندە، کە ئامادەبوونیان وەک پاڵپشتییەک بۆ بزووتنەوەی زانستی و کەلتووری لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بونیادنانی ژینگەیەکی ئەکادیمی کە سۆز بۆ مێژوو و دیدگا بۆ ئاییندە ئاوێتە دەکات.



