لە زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانى کوردستان کرا
- Categories بەشی ژمێریاری, بەشی كارگێڕی كار, بەشی کارگێڕی گشتی
- Date حوزهیران 10, 2026



ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، لە زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان کرا.
شاندی میوان پێکهاتبوون لە (سەلیم سەلیم حوسێن) بەڕێوەبەری سەندیکا و (گۆران فەرهاد) جێگری بەڕێوەبەری سەندیکا و، بە گەیشتنیان لە لایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر (هاوکار قاسم پیرداود) سەرۆکی بەشەکانی کارگێڕی کار و کارگێڕی گشتی و مامۆستا (دەشتی ئیسماعیل) سەرۆکی بەشی ژمێریاری پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەیەکی زانستیدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی ئامادەکردنی فێرخوازانی بەشە دارایی و کارگێڕییەکان کردەوە بۆ پرکردنەوەى داواکارییەکانی بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لە ئێستادا پێویستییەکی زۆر بە ژمێریار و وردبینی لێهاتوو هەیە. نوێنەرانی سەندیکا ئاماژەیان بەوە کرد کە پێویستە فێرخوازان پێش دەرچوونیان ئاشنای ستانداردە جیهانییەکانی وەک ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ ڕاپۆرتی دارایی (IFRS) و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی وردبینی (IAS) بن. بۆ ئەم مەبەستەش، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی ڕێکخستنی زنجیرەیەک سیمینار و وۆرکشۆپی پسپۆڕیی هاوبەش تاوەکو فێرخوازان هاوشانی زانیارییە تیۆرییەکان، دوایین گۆڕانکارییە پیشەییەکانی بواری ژمێریاری و وردبینی وەربگرن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنانی هاوینە (Internship) بۆ فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر کرا، تاوەکو لە ناو سەندیکا و دامەزراوە پیشەییەکاندا ئەزموونی پراکتیکی بەدەست بهێنن. هەروەها هەردوولا جەختیان لە بایەخی توێژینەوەی زانستی و گەشەپێدانی پیشەیی بەردەوام کردەوە وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی سەندیکای ژمێریاران و وردبینانی کوردستان دەستخۆشییان لە سەرۆکایەتی بەشەکانی زانکۆ کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و ئامادەیی تەواوی خۆیان نیشان دا بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ستراتیژی و بەردەوامیدان بە خولەکانی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ فێرخوازان و دەرچووان.
You may also like
فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارى لە تاوتویکردنى پرسی بازاڕی ئۆنلاین لە بەرنامەی “لەگەڵ ڕەنج”دا دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی (٣١/٥/٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی بەشەکانی (کارگێڕی کار) و (ڕاگەیاندن) لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بەشدارییان لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی “لەگەڵ ڕەنج” کرد، کە لە تۆڕی میدیایی ڕووداو پەخش کرا. ئەم …


