لە ڕۆژى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەفتەى ڕۆشنبیرى ڕاگەیندرا
لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەنتەرى ڕۆشنبیرى زانکۆى جیهان، لە ڕۆژى جیهانى بەرنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بەژنان، هەفتەى ڕۆشنبیرى خانمانى ڕاگەیاند.
هەفتەى ڕۆشنبیرى خانمان ڕۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى (25/11/2021) هاوکات لەگەڵ هەفتەی ڕۆشنبیری جیهان تایبەت بە بەرەنگاربوونەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بە مەراسیمێکى وتارخوێندنەوە دەستپێکرد.
لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی ئەمینداری گشتی زانکۆکانی جیهان و، نوێنەری باڵای ئەنجومەنی خانمان و، سکرتاریەتى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان و، ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایان و فێرخوازان و میوانان ئامادەیبوون.
لە سەرەتادا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا بەگرنگیەوە باسى لەو ڕۆژە کرد بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگە بۆ دورکەوتنەوە لە بەکارهێنانى توندوتیژى بەرامبەر بەخانمان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕونیشکردەوە خانمان بەشێکى گەورەى ژیانى مرۆڤایەتى پێکدەهێنن و ئەرکێکى گەورەى ژیانى ڕۆژانەیان لە ئەستۆدایە، بۆیە پێویستە هەموومان بەچاوى ڕێزەوە لە هەوڵ و تواناى ژنان و کچان بڕوانین و پشتیوان و هاوکاریان بین.
هەر بەو بۆنەیەوە، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکی ئەمینداری گشتی زانکۆکانی جیهان لە وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان، ڕایگەیاند: زانکۆکانى جیهان پشتیوانى تەواو لە خانمان و ئافرەتان دەکات، چونکە ژن واتە ژیان.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمی هەفتەی ڕۆشنبیری خانمان چوار کورتە فیلم نمایش کران، کە گوزارشتیان لە ئازار و مەینەتیەکانى ژنان دەکرد، هەروەک بەشێکیشیان گوازرشت بوون لە توانا و لێهاتووى ژینان.
دوابەدواى نمایشکردنى فیلمەکان، میوان لەناو کەمپى زانکۆ بەشداریان لە کردنەوەى پیشانگەى کارە دەستیەکانی ژمارەیەک لە ئافرەتان بوون، بەشێکى دیکەى چالاکیەکانى یەکەم ڕۆژى هەفتە ڕۆشنبیرییەکە بریتبوو لە نمایشکردنی تابلۆکانی ئافرەتانی هونەرمەند بوو، کە لە لەگەلەری سەنتەر نمایش کراون.
ئەم هەفتە چالاکیە، کە وا بڕیارە تا ڕێکەوتى (١/١٢/٢٠٢١) بەردەوام بێت، چەندین چالاکى دیکە لەخۆدەگرێ، وەک (کۆڕ و سمینارى ڕۆشنبیرى، فیستیڤاڵى شیعرى ئافرەتان، مەراسیمى واژۆکردنى کتێب، شانۆگەرى و، چەندین چالاکى وەرزشى و هونەرى).