لە ڕێزبەندیکى نوێدا؛ زانکۆى جیهان-هەولێر بووە یەکەمى سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان
زانکۆی جیهان – هەولێر پلەی یەکەمی لە ڕیزبەندى ئەکادیمی سەندیکای ئەندازیارانی عێراق بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لەسەر ئاستى سەرجەم زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەست بهێنێ، بەوەش دەسکەوتێکى دیکەى زانستى خستە سەر دەسکەوتە ئەکادیمیەکانى بۆ خزمەتکردن بەڕەوتى زانست و فێرخوازان بەتایبەت و کۆمەڵگە بەگشتى.
سەندیکاى ئەندازیارانى عێراقى ساڵانە بە پشت بەستن بە چەند پێوەرێکى زانستى و ئەکادیمى، هەڵسەنگاندنى زانستى بۆ بەشە ئەندازیارییەکان لەسەرجەم زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان دەکات و، پاشان ڕێزبەندى بۆ سەرجەم زانکۆکان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆى جیهان-هەولێر توانى پلەى یەکەمى ساڵى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) بەدەست بهێنێ.
لەو بارەیەوە؛ ئەندازیار ذوالفقار حوشي المكصوصي سەرۆکی سەندیکای ئەندازیارانى عێراق ڕایگەیاند، ئەم ڕیزبەندیە دوای سەردانە مەیدانیەکانى لیژنەی پشکنین و هەڵسەنگاندنى سەندیکاکەمان زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییەکان دێ، وتیشى لە میانەى سەردانەکەماندا لە ڕێگەى فۆڕمێکی تایبەت کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکراوە، هەڵسەنگاندنى زانستى و پیشەیی بۆ ئاستی ئەکادیمی و هونەری و تەکنیکی بەشەکانی ئەندازیاری لە زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییەکان دەکەین.
سەرۆکى سەندیکای ئەندازیاران بۆ ئەوەش وتى: سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییەکان دەکات بۆ هاوکاری و پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان سەبارەت بە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و لایەنى ئەکادیمى و هونەرى و تەکنیکى لە زانکۆکان.
لە ماوەى ڕابردودا، لێژنەیەکى سەندیکاى ئەندازیارانى عێراق هەڵسەنگاندنى بۆ (٥٤) بەشی ئەندازیاری لە زانکۆ و کۆلێژە زانکۆییە تایبەتەکان لە (٩) پارێزگاری جیاوازى عێراق بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ ئەنجامدا، لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕێکەوتى (14/2/2023)، لێژنەى سەنتەری گشتی و ئەهلی بۆ باوەڕپێکردن و تۆمارکردنی بەشە ئەندازیاریەکان لە سەندیکای ئەندازیارانی عێراق بە سەرۆکایەتی پرۆفیسۆر دکتۆر محمود فرحان مصلح سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆیی سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوە. لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی بەشەکانی ئەندازیارى ڕوونکردنەوەیەکی وردیان لەبارەى سروشتی پرۆگرامەکانی خوێندن و تاقیگەکان و چۆنیەتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان پێشکەش بەشاندى میوان کرد، هەروەک باسیان لەو چالاکیانە کرد، کە بەشێوازى جۆراوجۆر بۆ پێگەیاندن و بەرزکردنەوەى کارامەیی فێرخوازان ساڵانە ئەنجامى دەدەن.
دوا بەدواى ئەنجامدانى کۆبونەوەکە، لێژنەکە سەڕدانی لێژنەی تاقیکردنەوەکانی ناوەندیان له زانکۆی جیهان-هەولێر و بەش و تاقیگەکانى بەشەکانى ئەندازیارى کرد و، لە نزیکەوە ئاشناى سروشتی چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانی لێژنەکە و، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بوون و پرۆگرامەکانى خوێندن بوون لە کۆلێژەکان.
لە زانکۆى جیهان-هەولێر (٤) بەشى ئەندازیارى هەیە، کە بریتین لە بەشەکانى ئەندازیارى ( تەلارسازى، شارستانى، پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك، دیزاینی ناوخۆیی)، کە خاوەن تاقیگەى زانستى پێشکەوتو و ستافى زانستى ئاستبەرزە و، پێگەیەکى دیاریان لە بوارەکەى خۆیاندا هەیە و، لە ساڵانى ڕابردودا جگە لە پێگەیاندنى سەدان کادیر و پسپۆڕى بەتوانا و لێهاتوو لە بوارە جیاکانى ئەندازیارى، لەهەمان کاتدا بەشەکانى ئەندازیارى چەندین کۆنفراسیى نێودەوڵەتیان بەڕێوەبردوە، هەموو ئەمانەش ڕوڵى گرنگیان لە بونیادنانەوەى ژێرخانى وڵات هەبووە.