لە ڕیزبەندێکى جیهانیدا، زانکۆى جیهان-هەولێر لەماوەى ساڵێکدا ژمارەیەکى پێوانەیى تۆمار دەکات
زانکۆى جیهان-هەولێر لە بەدیهێنانى دەسکەوتە زانستیەکانى بەردەوامە و، لە نوێترین ڕیزبەندى توانى لەماوەى تەنها یەک ساڵدا ژمارەیەکى پێوانەیی نوێ تۆمار بکات و، لەسەر ئاستى جیهان هەنگاوى گەورە بڕواتە پێشەوە.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٣١/١/٢٠٢٢) وێبسایتی وێبۆمێتریک نوێترین ڕیزبەندى زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٢) بڵاوکردەوە، زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونێکی زانستى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەى یەک ساڵدا توانیویەتى (٤٣٧٠)پلە لە ئاستی جیهان بێیتە پیشەوە.
لە ڕیزبەندى ساڵى (٢٠٢١) زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى جیهان لە پلەى (٩١٠٠)دا بوو، بەڵام لە ڕیزبەندى ئەمساڵ (٢٠٢٢) ژمارەیەکى زۆر چۆتە پێشەوە و گەیشتۆتە (٤٧٣٠)، بەو هۆیەشەوە لەماوەى تەنها یەک ساڵدا توانیویەتى (٤٣٧٠)پلە لە ئاستی جیهان بێیتە پیشەوە.
بەدیهێنانى ئەم پلەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و تواناى فێرخوازان و کارمەندان و مامۆستایان و ستافی دڵنیایی جۆری و سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانکۆ و، تیمى ڕاگەیاندن و ئای تی، بەسەرپەرشتى و ڕینوێنى سەرۆکایەتی زانکۆ، کە هەموان بەشێکى گرنگن لەم پڕۆسەیەدا.
ئەمە دەسکەوـێکى زانستى گرنگ و هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هەموو فێرخوازان و مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆی جیهان-هەولێر، بەو بۆنەیەوە سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر پیرۆزبایی لەسەرجەم مامۆستایان و فێرخوازانی و کارمەندان و زانکۆ دەکات، لەهەمانکاتدا دوپاتى دەکاتەوە، کە لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەدیهێنانى دەسکەوتى زانستى دیکەى گرنگ و، بەرەوپێشبردنى زیاترى زانکۆ لەسەرجەم بوارەکان، بەشێوەیەک تا زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان و عێراق و جیهاندا بێت.