مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی، نەخۆشخانەى چۆنگچینگى (Chongqing) کۆمارى میللى چینى بەسەرکردەوە و، بەشدارى لە چالاکیەکى زانستی کرد
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 11, 2026
ڕۆژی هەینی ڕێککەوتی 07/08/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکانی خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتیدا، سەردانێکی مەیدانی بۆ چەند بەشێکى کلینیکی لە یەکەمین نەخۆشخانەی سەر بە زانکۆی چۆنگچینگ بۆ پزیشکیی (First Affiliated Hospital of Chongqing Medical University) لە کۆمارى میللى چین ئەنجام دا.
لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا، هاوڕێ لەگەڵ بەشداربوانى خولەکە لەلایەن ستافى نەخۆشخانەکە بە گەرمى پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى کران بۆ ئاشناکردنیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ڕێکارەکانی کارکردن و شێوازەکانی چاودێریکردنی نەخۆش کە لەو نەخۆشخانەیەدا پەیڕەو دەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا سەرەتا بەشەکانی پەرستاری، یەکەکانی چارەسەری کیمیایی (Chemotherapy) و ژوورەکانی نەخۆشیان بەسەرکردەوە، کە تێیدا بەشداربووان ئاشنای چۆنیەتى ڕێکخستنی کارەکان و ڕۆڵی کادری پەرستاری لە چاودێریکردنی نەخۆش لە قۆناغە جیاوازەکانی چارەسەریدا کران.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ستافى نەخۆشخانەکە تیشکیان خستە سەر سیستمی زانیاریی نەخۆشخانە، کە بۆ دۆکۆمێنتکردن و بەڕێوەبردنی زانیارییە پزیشکییەکان بەکاردى دێنن و، ئاسانکاریی بۆ گەیشتن بە داتا کلینیکییەکان و پشتیوانیی هەماهەنگیی نێوان بەشە جیاوازەکان دەکات. لە لایەکی دیکەوە، بەشداربووان نمایشێکی ڤیدیۆییان دەربارەی پرۆسەیەکی پزیشکیی تایبەت بە لادانی گرێ لە ناو منداڵدان پیشان درا، کە تێیدا قۆناغە سەرەکییەکانی پرۆسەکە و گرنگییەکەی لە چارەسەرکردنی هەندێک حاڵەتی نەخۆشییەکانی ژناندا خستە ڕو.
هەر لە هەمان ڕۆژدا، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر بەشداری لە سیمینارێکی زانستیی پسپۆڕیدا کرد، کە تێیدا کۆمەڵێک وانەی زانستی دەربارەی خۆپارێزی و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو پێشکەش کران. لە سیمینارەکەدا، ئەزموونی شاری چۆنگچینگ لە بەرنامەکانی پشکنینی شێرپەنجەی مەمک و ملی منداڵدان و ئەنجامە بەدەستهاتووەکانی ئەو بەرنامانە تاوتێ کران. هەروەها باس لە ڕێگەکانی دەستنیشانکردنی برینەکانی ملی منداڵدان کرا، لەوانە بەکارهێنانی تەکنیکی (Hysteroscopic cervical conization) و ڕۆڵی لە هەڵسەنگاندنی وردی شانە تووشبووەکاندا، کە دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی گونجاوترین شێوازی چارەسەری.
لە کۆتایی سەردانەکەدا و وەک دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ هەماهەنگیی زانستی و پێشوازیکردنیان، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی قەڵغان و لۆگۆى ڕێزلێنانی زانکۆى جیهان-هەولێرى پێشکەشى ستافى نەخۆشخانەی سەر بە زانکۆی چۆنگچینگ بۆ پزیشکیی کرد بۆ هەوڵەکانی نەخۆشخانەکە لە پاڵپشتیکردنی پرۆگرامی ڕاهێنان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی زانستی لەنێوان بەشداربووان.



