مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی، بنکەی ڕاهێنانی کارامەیی و مۆزەخانەی مێژوویی لە شەنگەهای بەسەر دەکاتەوە
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 15, 2026
لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر، مامۆستا لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانی بۆ بنکەی ڕاهێنانی کارامەیی کلینیکی و مۆزەخانەی مێژوویی لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی ئاشتی بۆ دایکایەتی و تەندروستی منداڵ (IPMCH) لە شاری شەنگەهای لە کۆمارى میللى چین ئەنجام دا.
بەگەیشتنى لەلایەن ژو وێی (Zhu Wei) لە ناوەندی ڕاهێنان پێشوازی لێ کرا. پاشان هاوەڵى بەشداربوانى خولەکەى کرد و، مامۆستاکەی زانکۆى جیهان-هەولێر لە نزیکەوە ئاشنای ژینگەی فێرکاری و ڕاهێنانی پراکتیکی کرا، کە تێیدا نوێترین ئامێر و مۆدێلە پزیشکییەکان و سیستمی هاوشێوەکاری (Simulation) بۆ گەشەپێدانی کارامەیی کلینیکی بەکاردێن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕوونکردنەوەی ورد دەربارەی میکانیزمی کارکردنی ئامێرەکان و ڕۆڵیان لە لێکبەستنی زانیارییە تیۆرییەکان بە لایەنی کارەکییەوە پێشکەش کرا.
لە لایەکی دیکەوە، سەردانی مۆزەخانەی مێژوویی نەخۆشخانەکەى کرد، کە تێیدا قۆناغەکانی گەشەکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دایک و منداڵ و مێژووی پەرەپێدانی بەرنامە فێرکارییەکان لەو دامەزراوەیەدا بۆیان خرایە ڕو. ئەم وێستگەیە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ تێگەیشتن لە چۆنییەتی پەرەپێدانی کەلتور و ڕەسەنایەتی پزیشکیی لە وڵاتی چیندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی گرنگیی ڕاهێنانی کلینیکی لە بەرزکردنەوەی توانستی کادری تەندروستی ئەنجام درا. وەک دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ ئەم هەماهەنگییە زانستییە، نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەش بە نەخۆشخانەکە کرد و، هەوڵەکانیانی لە پشتگیریکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی بەرز نرخاند.



