مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی، بەشدارى لە گفتوگۆیەکى زانستی تایبەت بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە شەنگەهای کرد
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 15, 2026
ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتی 12/08/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر، مامۆستا لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشداری لە چالاکییەکی زانستیی پسپۆڕیدا کرد، کە لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی ئاشتی بۆ تەندروستی دایک و منداڵ (IPMCH) لە شاری شەنگەهای لە کۆمارى میللى چین بەڕێوەچوو.
بە گەیشتنیان سەرەتا لەلایەن دکتۆر وانگ یودۆنگ (Wang Yudong) بەڕێوەبەری نەخۆشخانە پێشوازییان لێ کرا، پاشان پوختەیەکی دەربارەی کارە پزیشکییەکان و خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی ژنان پێشکەش کرد.
دواتر چەندین وانە و دانیشتنی زانستیی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و، تێیدا تیشک خرایە سەر نوێترین پەرەسەندنەکان لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان (Cervical Cancer)، هەر لەو چوارچێوەیەدا، پسپۆڕان باسیان لە گرنگیی پشکنینی ڕێکخراو و بەردەوام کرد بۆ باشترکردنی ئەنجامەکانی چارەسەری و کەمکردنەوەی مەترسییەکان. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆڵی پشکنینە تاقیگەییەکان و هەڵسەنگاندنی کلینیکی لە دیاریکردنی جۆری حاڵەتەکان و هەڵبژاردنی سیستمی چارەسەریی گونجاو خستە ڕو. هەروەها جەخت لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە دامەزراوە تەندروستییەکانی چین کرایەوە، کە یارمەتیدەرن لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی گۆڕانکارییە نەخۆشییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی تەندروستی ژنان.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ئاڵوگۆڕی شارەزایی دەربارەی شێوازە نوێیەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان لە نێوان پسپۆڕان و بەشداربووان ئەنجام درا. وەک ڕێزێک بۆ هەوڵە زانستییەکان و پێشوازییە گەرمەکەیان، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر بە نوێنەرایەتی زانکۆى جیهان-هەولێر قەڵغانی ڕێزلێنانی زانکۆی پێشکەش بە دکتۆر وانگ یودۆنگ کرد، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییە زانستییەکان.



