مامۆستایەکى بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی، بەشداری لە چالاکیەکی زانستی تایبەت بە نەشتەرگەریی ڕۆبۆتیی و نازۆر لە وڵاتی چین کرد
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 15, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی 15/08/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر، مامۆستا لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەشداری لە سیمینارێکی زانستیی پسپۆڕیدا کرد دەربارەی داهێنانە تەکنەلۆژییەکان، پەروەردە و ڕاهێنان لە بواری نەشتەرگەریی نازۆر (Laparoscopic Surgery) و نەشتەرگەریی ڕۆبۆتیی (Robotic Surgery).
ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی کارەکانی هاوپەیمانیی نەخۆشخانەکانی چین-ئەفریقا (China-Africa Hospitals Alliance) لە کۆمارى میللى چین بەڕێوەچوو. لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، هو سانیوان (Hu Sanyuan) لە نەخۆشخانەی قیلو (Qilu Hospital)ی سەر بە زانکۆی شاندۆنگ و سەرۆکی گرووپی کاری هاوبەشی هاوپەیمانییەکە، وتاری کردنەوەی پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای نەشتەرگەریی نازۆر و ڕۆبۆتیی لە وڵاتی چین و دەرفەتەکانی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی لەم بوارەدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، چەندین گفتوگۆى زانستی دەربارەی جێبەجێکردنە کلینیکییەکانی نەشتەرگەریی ڕۆبۆتیی تاک-دەرچە (Single-port robotic surgery) لە بواری نەخۆشییەکانی ژناندا کرا، لەگەڵ تاوتێکردنی شێوازەکانی ڕاهێنانی پزیشکیی و تەکنیکی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە بەشداریی پسپۆڕانی چەندین نەخۆشخانە و دامەزراوەی پزیشکیی پێشەنگ.
لە لایەکی دیکەوە، بەرنامە زانستییەکە جەختی لەسەر جێبەجێکردنە کلینیکییەکانی تێبینیی ناو منداڵدان و ڕێگاکانی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی کردەوە. لە بەشێکى دیکەی سیمینارەکەدا، (هو سانیوان) باسى لە گرنگیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان و زیرەکەکان کرا بۆ کەمکردنەوەی هەڵەی پزیشکیی و زیادکردنی وردی لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکاندا، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر خێرا چاکبوونەوەی نەخۆشەکان دەبێت. ئەم بابەتە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ گۆڕینی شێوازە کلاسیکییەکانی نەشتەرگەریی بۆ شێوازی مۆدێرن و کەم-ئازار خستە ڕو.
چالاکییەکە دانیشتنێکی کراوەی گفتوگۆی لە نێوان پسپۆڕانی چینی و نێودەوڵەتی لەخۆگرت، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزاییەکان دەربارەی نوێترین تەکنیکە نەشتەرگەرییەکان ئەنجام درا.



