مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرکەوتویی کۆتایی بە خولێکى ڕاهێنانی نێودەوڵەتی لە وڵاتی چین هێنا
- Categories بەشی شیكارى تاقیگەی پزیشکی
- Date ئاب 16, 2026
ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی 15/08/2026، مامۆستاى یاریدەدەر سالی خلیل باقر لە بەشى شیکارى تاقيگەی پزيشكی لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کۆتایی بە بەشدارییەکەی لە خولی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی هێنا کە تایبەت بوو بە پشکنین، دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو.
ئەم خولە لە کۆماری میللی چین و بە بەشداریی پسپۆڕانی چەندین وڵاتی جیاواز بەڕێوەچوو. لە مەراسیمی کۆتاییهاتنی خولەکەدا، کە بە ئامادەبوونی یانگ لیۆ (Yang Liu) لە ناوەندی ئاڵوگۆڕ و هەماهەنگی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، پوختەیەک لە چالاکییە زانستییەکان و سەردانە مەیدانییەکان خستە ڕوو.
لەم خولەدا نوێنەرانی وڵاتانی کازاخستان، گامبیا، میسر، باشووری ئەفریقا و هەرێمی کوردستان-عێراق بەشدار بوون، کە دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بواری خۆپارێزی و چارەسەرکردنی شێرپەنجە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، تیشک خرایە سەر گرنگیی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە کەرتی تەندروستیدا. ئەم بەشدارییەی زانکۆى جیهان-هەولێر لەبەر ڕۆشنایی هەوڵەکانی زانکۆ دێت بۆ پەرەپێدانی توانستە ئەکادیمییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە کەلتوری و زانستییە جیهانییەکان.



