مامۆستایەکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى باشترین زاناکانى جیهان دەستنیشان کرا
پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا، کە مامۆستایە لە بەشى بایۆلۆجى (مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى) زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکێک لە باشترین زاناکانى جیهان دەستنیشانکرا.
لە ڕێکەوتى (١٩/١٠/٢٠٢١) وێبسایتى ئیلسیڤەر (Elsevier BV) ڕاپۆرتێکى گرنگى بڵاوکردەوە، لەو ڕاپۆرتەدا ناو و ناونیشانى (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار زاناى لەسەر ئاستى جیهان بڵاوکردەوە، کە زۆرترین توێژینەوەى کاریگەریان بڵاوکردۆتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، زانایانى بوارەکەى دابەشى سەر (٢٢) بوارى زانستى سەرەکى و، (١٧٦) پسپۆڕى لاوەکى کردوە، کە لە ژیانى ئەکادیمى و زانستییان تا کۆتایى ساڵى (٢٠٢٠) توێژینەوەى کاریگەریان بڵاوکردۆتەوە، دواى کۆکردنەوەى سەرجەم داتا و زانیارییەکان لەسەر ئاستى جیهان (١٠٠,٠٠٠) سەد هەزار زانا لەسەر ئاستى جیهان وەک زاناى ساڵ دیاریکران.
لەسەر ئاستى عێراق (١٤) زانا و پسپۆڕ دیاریکران، لە ناویاندا ناوى (پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا) هاتووە، کە یەکێکە لە مامۆستا بەتواناکانى بەشى بایۆلۆجى لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، خاوەنى دەیان توێژینەوەى کاریگەر و ئاست بەرزە، بۆ خوێندنەوەى دەقى ڕاپۆرتەکە کلیک (لێـــــرە) بکە.
بەو بۆنەیەوە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد ساڵح دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى پیرۆزبایکردن لە (پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحمود ئەمین عەبدوڵڵا) و، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، ڕایگەیاند: مایەى خۆشحاڵیمانە زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن زاناى ئاستبەرز و بەتواناى لەو شێوەیەیە، کە هەموو ژیانى خۆى بۆ بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى ئاستبەرز و کاریگەر تەرخان کردوە، هاوکات لە کارى بەردەوامدایە بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى هۆشیار و پڕ چەک بەزانست و زانیارى سەردەم.
زانکۆى جیهان-هەولێر لە پاڵ ئەوەى خاوەن ستافى زانستى بەئەزمون و داهێنەرە، لەهەمانکاتدا خاوەن کەمپیسى تایبەت بەخۆیەتى، کە چەندین تاقیگەى زانستى سەردەمیانەى بۆ فێرخوازان دابینکردوە، پاڵپشتى بەردەوامى مامۆستایان و فێرخوازانە بۆ پەرەپێدان بەتوانا زانستیەکانى، هەر ئەم هەنگاوانەش بۆتە هۆى ئەوەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان بێ.