مامۆستایەکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرکەوتویی کۆتایی بە خولێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی چین لە بواری پیشەسازیی زیرەک و ڕۆبۆتیک هێنا
- Categories بەشی ئهندازیاری پرۆگرامسازی وئینفۆرماتیك
- Date تەممووز 1, 2026
لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییە نێودەوڵەتییەکاندا، مامۆستای یاریدەدەرعادل حوسێن محەمەد، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک لە زانکۆی جیهان-هەولێر، پاش بەشدارییەکی کارا لە خولێکی زانستیی ئاستبەرز لە وڵاتی چین، کۆتایی بە گەشتە زانستیەکەى هێنا.
ئەم گەشتە زانستییە کە لە ڕێکەوتی (١٤ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦) بەردەوام بوو، بریتی بوو لە بەشداریکردن لە “سیمیناری پیشەسازیی بەرهەمهێنانی زیرەک و ڕۆبۆتیک بۆ بەرپرسانی حکومیی وڵاتانی برێکس ٢٠٢٦” (Seminar on Intelligent Manufacturing and Robotics Industry for Government Officials of BRICS Countries 2026)، کە لە زانکۆی هواچیۆ (Huaqiao University) لە شاری سیامێن (Xiamen) بەڕێوەچوو.
بەسەرکردنەوەی مەیدانی و داهێنانە تەکنەلۆژییەکان
لە میانی وانە و گەشتە مەیدانییەکانیدا بۆ تاقیگە، کارگە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وڵاتی چین، مامۆستاى یاریدەدەر عادل حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم خولە ئاستی ڕاستەقینەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی چینی نیشان داوە، کە لە زۆر ڕووەوە لە چاوی جیهان شاراوەیە. ئاشکراشی کرد کە لە کاتی نمایشکردنی پڕۆژەکاندا، گفتوگۆی زانستیی قووڵ لە نێوان شاندی بەشداربوو و لایەنی چینی دروست بووە، بە جۆرێک کە هەندێک لەو پێشنیازانەی لە لایەن مامۆستاکەی زانکۆی جیهان-هەولێرەوە ئاراستە کراون، ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە وەرگیراون تاوەکو وەک پڕۆژەی “توێژینەوە و گەشەپێدان” کاریان لەسەر بکرێت.
تێڕوانین بۆ گەشەسەندنی چین و بەراوردکاری لەگەڵ هەولێر
سەبارەت بە گەشەسەندنی خێرای وڵاتی چین، مامۆستاى یاریدەدەر عادل حوسێن ڕایگەیاند: دەستکەوتەکانی چین لە سێ دەیەی ڕابردوودا وەک “ئیعجازێکی زانستی” دەبینرێت، کە توانیویانە مێژووی ٥٠٠٠ ساڵەی خۆیان بە زانستی هاوچەرخ بگەیەننە لوتکە. بۆ ئەوەش بەراوردکارییەکی لە نێوان گەشەی شارەکانی چین و شاری هەولێری پایتەخت کرد و، ئاماژەی بەوە کرد کە هەر گەشتیارێک سەردانی هەولێر یان شارەکانی چین بکات، هەست بەو بازدانە گەورەیە دەکات کە لە بواری ئاوەدانکردنەوەدا بەدەستهاتووە. هەروەها ستایشی ڕەفتار و کەلتووری تاکی چینی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە میهرەبانی و مامەڵەی میهرەبانانەی خەڵکەکە نیشانەی ئارامییەکی دەروونی و جەستەیی زۆرە.
ئەزموونی وانەوتنەوە و ئاستی فێرخوازانی نێودەوڵەتی
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانیدا، مامۆستا عادل حوسێن وەک مامۆستایەکی میوان وانەیەکی پسپۆڕیی پێشکەش بە فێرخوازان کرد. بۆ ئەوەش باسی لەوە کرد کە ئاستی توێژینەوە و شێوازی پرسیارکردنی فێرخوازان نیشانەی پاشخانێکی زانستیی بەهێزە، سەرەڕای ئەوەی بابەتەکان دەربارەی نوێترین تەکنەلۆژیاکانی سەردەم بوون. ئەم کارلێکە زانستییە بووە مایەی ئاڵوگۆڕێکی مەعریفیی گرنگ لە نێوان زانکۆی جیهان-هەولێر و زانکۆی هواچیۆ (Huaqiao University) و دروستکردنی پەیوەندیی ئەکادیمیی درێژخایەن.
مەراسیمی کۆتایی و گەیاندنی پەیامی زانکۆ
لە دواڕۆژی خولەکەدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦)، مەراسیمی کۆتایی و دابەشکردنی بڕوانامەکان لە زانکۆی هواچیۆ (Huaqiao University) بەڕێوەچوو. بۆ ئەوەش مامۆستاى یاریدەدەر عادل حوسێن وەک نوێنەری زانکۆی جیهان-هەولێر وتارێکی سوپاسگوزاریی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو زانکۆ کردەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد (AI).
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، “لۆگۆى”ی زانکۆی جیهان-هەولێر و دیاریی تایبەتی (دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر) سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهانى، پێشکەش بە لێپرسراوانی زانکۆ چینییەکە کرد، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە زانستییەکانیان و دەسپێکی قۆناغێکی نوێی هاوبەشی لە نێوان هەردوو دامەزراوەکەدا. لە کۆتایشدا بڕوانامەى بەشداریکردنى خولەکە بەسەر مامۆستاکەى زانکۆى جیهان-هەولێر و بەشداربووان دابەش کرا.



